رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای هەرێمی لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر پیاوێکی عێراقیدا سەپاند، هەروەها سزای 9 ساڵ و نیو زیندانیکردنی بۆ هاوژینی پێشوویشی دەرکرد، کە هەردووکیان ئەندامی داعش بوون و ساڵانێک دوو کچی منداڵی کوردی ئێزدییان بە کۆیلە کردووە و چەندین جۆر ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسیان کردوونەتە سەر.
بەپێی راگەیەندراوی دادگە و داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا، تۆمەتبارەکان بریتین لە (توانا. هـ)ـی تەمەن 43 ساڵ کە ناسناوی "ئەبو عەبدوڵڵا" بووە، لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی (ئاسیا. ر)ـی تەمەن 29 ساڵ. ئەم ژن و مێردە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017 لەو ناوچانەی عێراق و سووریا کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، سەرەتا کچێکی 5 ساڵانی کوردی ئێزدی و دواتریش کچێکی 12 ساڵانی کوردی ئێزدییان وەک کۆیلە و کەنیزەک راگرتووە.
لە دادگاییکردنەکەدا دەرکەوتووە کە هەردوو منداڵەکە ناچارکراون کاری نێوماڵ بۆ خێزانەکە بکەن و بە زۆر ئایدۆلۆژیای داعشیان پێگوتراوە. داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە (توانا) چەندین جار دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر هەردوو کچەکە، لە کاتێکدا (ئاسیا)ـی هاوژینی نەک هەر رێگری نەکردووە، بەڵکو ژوورەکەی بۆ ئامادە کردوون و تەنانەت پێش دەستدرێژییەکان ماکیاژی بۆ یەکێک لە کچەکان کردووە.
جگە لە دەستدرێژی، کچەکان رووبەڕووی ئەشکەنجەی جەستەیی سەخت بوونەتەوە. دادگا ئاشکرای کردووە کە پیاوەکە بە گسک لە کچە گەورەکە داوە، ژنەکەش ئاوی کوڵاوی بەسەر دەستی کچە بچووکەکەدا کردووە، هەروەها وەک سزایەک زۆرجار کچەکانیان ناچار کردووە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر یەک قاچ بوەستن.
کاتێک لە کۆتایی ساڵی 2017دا داعش رووبەڕووی شکست بووەوە، ئەم ژن و مێردە لە سووریاوە هەڵاتوون، بەڵام کچە کوردە ئێزدییەکانیان ئازاد نەکردووە، بەڵکو رادەستی چەکدارەکانی دیکەی داعشیان کردوون.
چەند ساڵێک دواتر، لە نیسانی 2024، هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا توانیان ژنەکە لە شاری رێگنسبێرگ و پیاوەکە لە ناوچەی رۆس دەستگیر بکەن. هەرچەندە پارێزەری ژنەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بریکارەکەی بە زۆر بە شوو دراوە و پەیوەندی بە داعشەوە نەبووە، بەڵام دوای دادگاییکردنێک کە ساڵێک و نیوی خایاند، دادگە پیاوەکەی بە تاوانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ تاوانبار کرد و هاوژینی پێشوویشی بە پشتیوانیکردنی ئەو تاوانانە تاوانبار کرد.
.webp&w=3840&q=75)


