رووداو دیجیتاڵ
مانگی رابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا کە دیاردەی ئێل نینیۆی ئەمساڵ زۆر سەخت دەبێت. ئێل نینیۆ دیاردەیەکی سرووشتییە کە تێیدا ئاوی زەریای هێمن زۆر گەرم دەبێت و کەشوهەوای جیهان تێکدەدات، دەبێتە هۆی لافاو و زریانی گەورە. لەگەڵ گەرمبوونی زەویش بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، مەترسییەکانی ئەم دیاردەیە زۆر زیاتر دەبن. بەڵام زانایان دەڵێن رێگەیەک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە.
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالیفۆرنیا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، پێشنیازێکی سەیری کردووە: کەمکردنەوەی تیشکی خۆر.
زانایان دەیانەوێت بڕێکی زۆر لە ماددەیەکی تایبەت بە ناوی ئایرۆسۆڵ بپرژێننە نێو هەورەکانی سەر دەریاکان بۆ ئەوەی هەورەکان سپیتر و رووناکتر ببن. کاتێک هەورەکان زۆر سپی دەبن، وەک ئاوێنە کاردەکەن و بەشێکی زۆری تیشکی خۆر دەدەنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان و ناهێڵن بگاتە سەر زەوی، بەمەش زەوی فێنک دەبێتەوە.
ئەمە رێک وەک ئەو کاتە وایە کە گڕکانێک دەتەقێتەوە و دووکەڵەکەی رێگە لە تیشکی خۆر دەگرێت و زەوی سارد دەکاتەوە.
بۆچی تەنیا لە کاتی ئێل نینیۆدا بیكەن؟
پێشتر زانایان پێیانوابوو ئەگەر ئەم کارە بکرێت، دەبێت بۆ هەمیشە و بەردەوام بکرێت، کە ئەمەش مەترسیی زۆری هەیە. بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە دەڵێت، پێویست ناکات بەردەوام بین، بەڵکو دەتوانین تەنیا لەو کاتانەدا ئەم کارە بکەین کە دیاردەی ئێل نینیۆ روودەدات، واتە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی، بۆ ئەوەی مەترسییەکانی سەر ژینگە و کۆمەڵگە کەمتر ببنەوە.
بۆچی خەڵک و زانایان دژی ئەم بیرۆکەیەن؟
ئەم جۆرە دەستکاریکردنەی سرووشت جێگەی مشتومڕە و زانایانی دیکە لێی دەترسن، لەبەر چەند هۆکارێک:
پرۆفیسۆر ئەندرو دێسلەر دەڵێت: "لەوانەیە کێشەیەکی زۆر گەورەتر بۆ ژینگە دروست بکەین کە پێشتر پێشبینیمان نەکردبێت."
هەروەها رەخنەگران دەڵێن ئەمە وا دەکات خەڵک و حکومەتەکان واز لە چارەسەرە راستەقینەکە بهێنن، کە کەمکردنەوەی سووتاندنی نەوت و خەڵووزە.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە, کێ بۆی هەیە بڕیار بدات کەی و لە کوێی جیهان ئەم ماددانە بپرژێندرێنە ئاسمانەوە؟
لەبەر ئەم هەموو ترس و پرسیارانە، تاوەکو ئێستا هیچ پلانێکی کرداری نییە بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە تاقیبکرێتەوە. بەڵام نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێن: "ئێمە پێویستمان بە زانیاریی زیاترە، بەڵام ئەگەر رێگەیەک هەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئێل نینیۆ، بۆچی بیری لێ نەکەینەوە؟"
.png&w=3840&q=75)


.webp&w=3840&q=75)