رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە بەفەرمی رایگەیاند سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە؛ ئەم هەنگاوەش گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان لەندەن و تاران توندتر دەکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، "هەر جۆرە پاڵپشتییەک بۆ سوپای پاسداران، قەدەخە دەکرێت."
ئەم بڕیارە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دووبەرەکیی سیاسی لە ناوخۆی بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە هات. بڕیارەکە بە واتای قەدەخەکردنی فەرمیی سوپای پاسداران دێت و لەمەودوا هەر جۆرە هاوکارییەک بۆی، بە تاوان هەژمار دەکرێت.
جگە لە سوپای پاسداران، بەریتانیا بڕیاری دا "بزووتنەوەی ئیسلامیی هاوەڵانی راست" (ئای ئێم سی ئار)ـیش قەدەخە بکەن، کە سەر بە سوپای قودسە. رێکخراوەکە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر جووەکان لەناو خاکی بەریتانیا.
هەروەها "فەوجی خۆبەخشانی فیدراسیۆنی رووسیا" (جی ئار یوو) کە لقێکی نێودەوڵەتیی هەواڵگریی سەربازیی رووسیایە، خرایە هەمان لیستەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "دوای وردبوونەوە لە هەموو بەڵگەکان، وەزیری ناوخۆ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بنەمای تەواو هەیە بۆ ئەو بڕوایەی کە هەریەک لەم لایەنانە تێوەگلاون لە چالاکیی هەڕەشەئامێزی هێزی دەرەکی؛ بۆیە ئەم ناساندنانە بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی شانشینی یەکگرتوو پێویست بوون."
حکومەتی بەریتانیا ئاشکرای کرد، کە بڕیاری قەدەخەکردنی سوپای پاسداران دوای تێوەگلانیان لە چەندین هەڕەشە لەناو خاکی وڵاتەکەیان هاتووە؛ لەوانەش پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی دوو رۆژنامەڤانی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ، جگە لە ئەنجامدانی چەندین هێرشی ئەلیکترۆنی (سایبەر) بۆ سەر دامەزراوە بەریتانییەکان.
ئەم هەنگاوە بڕیارەکەی حکومەتی پێشووی پارتی پارێزگارانی هەڵوەشاندەوە کە ئامادە نەبوون سوپای پاسداران قەدەخە بکەن.
ئەم بڕیارە پێدەچێت پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و تاران خراپتر بکات، بەتایبەتی لەکاتی جەنگی ئێستا و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا. پێشتریش بەرپرسانی بەریتانیا هۆشدارییان دابوو کە ئەم هەنگاوە رەنگە ببێتە هۆی دەرکردنی باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران.
کێ سوپای پاسدارانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە؟
بەریتانیا دەبێتە نوێترین وڵات کە ئەم هەنگاوە دەنێت. تاوەکو ئێستا چەندین وڵات و لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لەوانە:
-ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: لە نیسانی 2019ـدا سوپای پاسدارانی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان.
-کەنەدا: لە حوزەیرانی 2024ـدا بەفەرمی سوپای پاسدارانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.
-بەحرێن و سعوودیە: لە ساڵی 2018ـدا سوپای پاسداران و فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسیان خستە لیستی تیرۆرەوە.
-ئیسرائیل: ساڵانێکی درێژە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ئێستا لەگەڵ چوونی بەریتانیا بۆ ناو ئەم لیستە، گوشارەکان لەسەر یەکێتیی ئەورووپاش زیاد دەکەن تاوەکو هەمان بڕیار بدات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا یەکێتییەکە تەنیا سزای بەسەر چەندین فەرماندە و دامەزراوەی سەر بەو هێزەدا سەپاندووە.

.png&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)