رووداو دیجیتاڵ
رۆژانە خەڵک بە تۆن پاشماوە و فلتەری جگەرە فڕێدەدەن، بەڵام بەهۆی بیرۆکەی گەنجێکی سلۆڤاکیاوە، ئێستا دەتوانرێت لە دروستکردنی رێگەوباندا سوودیان لێ ببینرێت. لەم چوارچێوەیەدا، لە ناوچەی (ریماڤسکا سۆبۆتا،) زیاتر لە یەک کیلۆمەتر رێگە بەم پێکهاتە نوێیە دروستکرا.
هەرچەندە لە یەکەم نیگادا هیچ جیاوازییەک لەو قیڕەدا نابینرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی باشتری هەبێت. تێکەڵکردنی پاشماوەی جگەرە لەگەڵ قیر، وادەکات رێگەکە بەرگەی زیاتر بگرێت.
هیوگۆ رێپان، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای رینیسۆ (Reneso) دەڵێ: "ئەمە قیڕە و لە بنەڕەتدا ریشاڵەکانی پاشماوەی جگەرە لەناویدان، هەرچەندە بە هیچ شێوەیەک نابینرێن، بەڵام تایبەتمەندییەکانی تێکەڵە قیڕییەکە باشتر دەکەن. ئێمە نەک تەنیا قیڕەکە بۆ ژینگە شیاوتر دەکەین، بەڵکو ئەم ریشاڵانە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی دروستبوونی چاڵوچۆڵی، کە لە بنەڕەتدا شێواوییەکی هەمیشەیی دروست دەکات."
ئەو پاشماوە جگەرانەی پێشتر دەبرانە زبڵدانەکان یان دەسووتێنران، ئێستا سەرەتا وشک دەکرێنەوە و دواتر ورد دەکرێن. بەرهەمی کۆتایی بریتییە لە دەنکۆڵەی دروستکراو لە پاشماوەی جگەرەی ریسایکلکراو، کە تێکەڵی قیڕەکە دەکرێت.
تاوەکو ئێستا لە نزیکەی حەوت پرۆژەی تایبەت لە سلۆڤاکیا ئەم جۆرە تێکەڵەیە بەکارهاتووە. لە هەرێمی (بانسکا بیستریتسا،) ئەمە یەکەمجارە رێگەیەکی دروستکراو بە جگەرەی ریسایکلکراو بەکاربهێنرێت. رێگەکە دەکەوێتە بەشێکی دوورەدەستی گوندەکە و بەزۆری بۆ بارهەڵگرەکان بەکاردێت. جارۆسلاڤا دیورۆڤی، سەرۆکی شارەوانیی (رۆڤنێ) دەڵێ، داری هەموو دارستانەکانی دەوروبەر بەم رێگەیەدا دەگوازرێنەوە، بۆیە قورساییەکی زۆری لەسەرە.
بۆ دروستکردنی ئەم بەشەی رێگەکە، نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار فلتەری جگەرە بەکارهاتووە. تاوەکو ئێستاش کۆمپانیاکە نزیکەی 90 تۆن پاشماوەی جگەرە و تووتنی کۆکردووەتەوە. کۆمپانیاکە خزمەتگوزاریی کۆکردنەوە و گواستنەوەش پێشکێش دەکات، کە شارەوانییەکان، شارۆچکەکان و کۆمپانیاکانیش دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)