رووداو دیجیتاڵ
لەدوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە رایگەیاند، "عەلی زەیدی کەسێکی زۆر باشە و توانیویەتی لە ماوەیەکی نزیک دا وڵاتەکەی بگۆڕێ و وڵاتەکەی لە ئێمە نزیک بکاتەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "شانازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئێمەیە. ئەو جەنگاوەرێکی ئازایە و هەواداریکی گەورەی ئەمریکایە. عێراق یەدەگێکی گەورەی نەوتی هەیە. ئەوان سەرمایەی گەورەیان هەیە. لەو کاتەوەی ئەو [زەیدی] دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، وڵاتەکەی زۆر گۆڕیوە، بەتایبەت لە روانگەی بیرکردنەوەیان سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئێمە و عێراق هاوبەشیی گەورەمان لە بواری نەوت هەیە، کە لە ماوەیەکی کورتی رابردوودا پێکمان هێناوە، کە پێموایە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو رادەگەیێندرێت. رێککەوتنەکە زۆر گەورە دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "کۆمپانیاکانی نەوت دەچنە ناوچەکە [عێراق]. گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ عێراق دەکەن و پەیوەندیی زۆر باشیان هەیە. بۆیە چیدی پێویستمان بەوە نییە هێزی سەربازیمان هەبێت لەوێ. ئێمە لەوێین بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەین، ئەگەر پێویست بوو بیانپارێزین."
ترەمپ باسی لەوەش کرد، "ئێران بارگرانییەکی گەورە بوو بەسەر عێراقەوە، چونکە ئەوان بەڵای رۆژهەڵاتی نێوەراست بوون. عێراق چیدی ئەم کێشەیەشی نامێنێت، لەبەر ئەوەی ئێران بە ئەندازەیەکی زۆر لاواز کراوە. هێزی سەربازییان ئێستا بەشێکی زۆر بچوکی ئەو قەبارەیەیە کە 4 مانگ پێش ئێستا هەیانبوو. عێراق لەم رووەوە کێشەی نامێنێت. هەر بۆیە ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کۆمپانیا نەوتییەکانمان دەچن بۆ ئەوێ، بە ئاستێک کە هەرگیز پێشتر نەبیندراوە."


