رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری، دۆناڵدا ترەمپ و زەیدی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد. ترەمپ لە وەڵامی رووداودا گوتی: "پێموایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باوەڕ بکەن یان نا، لە هەموو کات یەکگرتووترە."
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، دیار کوردە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەبوو و لە ترەمپی پرسی: "سەرۆکوەزیران زەیدی دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ ئەوەی میلیشیاکان لەلایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵ بکرێن، چۆن دەتوانن هاوکاری بن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە؟ پرسیاری دووەمم ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن دەبینن؟"
بەڵام دۆناڵد ترەمپ، وەڵامەکەی بە ئاقارێکی دیکەدا برد و گوتی: "پێموایە هەموو شتەکان باش دەبن. پێموایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باوەڕ بکەن یان نا، لە هەموو کات یەکگرتووترە."
سەرۆکی ئەمریکا قسەکانی بردە سەر باسی ئێران و گوتی: "ئێران بەڵای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەماوە. ئێران کەڵەگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. ئەوان گوندەییان بەرامبەر عێراق دەکرد، گوندەییان بەرامبەر بە هەموو وڵاتان دەکرد. ئەوان ببوونە هەڕەشە و مایەی ترس لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوان مەترسییان دروستکردبوو، بەڵام چی دیکە ئەو ترسە نەماوە چونکە توانا سەربازییەکانیان لەنێوبراون."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پێموایە ئەم ترسە نەماوە، پێموایە زیاتر یەکگرتووترە بەراورد بە هەر ساتێکی دیکەی مێژوو، ناکرێ وڵاتیکی وەکو ئێران هەبێ و بیەوێ هێزی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەوان 52 هەزار خۆپێشاندەریان کوشتووە، کەس نایەوێ باسی ئەوە بکات، منیش نامەوێ باسی بکەم. پێموایە هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە ئێستا لەیەکەوە نزیکن."
دۆناڵد ترەمپ رووی لە عەلی زەیدی کورد و هەر لە درێژەی وەڵامەکەیدا بۆ رووداو گوتی: "پێموایە ئەو (زەیدی) سەرکردەیەکی مەزن دەبێت. ئەو دەبێتە سەرکردەیەکی مەزنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."


