رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "زۆر باشی" لەگەڵ ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا هەبووە و ستایشی پەیوەندییە "نایابەکانی" نێوان واشنتن و لەندەنی کرد، هاوکات رایگەیاند، بەمزووانە کۆدەبنەوە.
رۆژی دووشەممە 20-07-2026 ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "سەرۆکوەزیران ئەرکێکی گەورەی لەپێشە، بەڵام دەتوانێت جێبەجێی بکات، بێگومان ئەمریکاش بۆ یارمەتیدانی لەوێ دەبێت [ئامادەیە]."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی چەندین پرسەوە کردووە، لەوانە؛ بازرگانی، هاوئاهەنگیی سەربازی و پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مین.
تاوتوێکردنی پرسی پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە لە کاتێکدایە، بەهۆی دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئەو رێڕۆ ئاوییە دروست بووە کە پێشتر رۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
دوای هەرەسهێنانی دانوستاندنەکان و تێکچوونی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران، ئێران دەستی بە سەپاندنی گەمارۆ و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز کردووە و تەنانەت سوپای پاسداران رێگریی لە چەندین نەوتهەڵگر کردووە، ئەمەش وایکردووە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەکەدا بەشێوەیەکی پێوانەیی کەم ببێتەوە.
لە وەڵامی ئەو هەنگاوانەی ئێراندا، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، توانا دەریاییەکان، سەکۆکانی مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران کردووە، بە مەبەستی لاوازکردنی تواناکانی ئەو وڵاتە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
هەروەها دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) کە بەوردی چاودێریی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە دەکات، لەم دواییەدا چەندین راپۆرتی لەبارەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لە کەناراوەکانی عومان و ئیمارات بڵاوکردووەتەوە.



