رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (دۆیچەبان) رایگەیاند، پلانی بۆ قەدەخەکردنی خواردنەوەی کحول لە هەموو وێستگەکانی شەمەندەفەری ئەڵمانیا داناوە، ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و کەمکردنەوەی رووداوەکانی توندووتیژی.
بەپێی ئەم پلانە، خواردنەوەی بیرە، شەراب، شەرابی بەهێز و هەموو جۆرەکانی دیکە لە خواردنەوە کحولییەکان لەسەر سەکۆکانی شەمەندەفەر و لە هۆڵی وێستگەکان قەدەخە دەکرێت، بەڵام ئەم بڕیارە رێستۆرانت و شوێنەکانی خواردنەوەی ناو وێستگەکان ناگرێتەوە.
کۆمپانیاکە دەڵێ، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی کارمەندان و گەشتیاران و پەرەپێدانی ئاسایشە، چونکە بە باوەڕی کۆمپانیاکە، لەو شوێنانەی خواردنەوەی کحول زۆرە، رێژەی توندووتیژی و ناکۆکییەکانیش بەرزتر دەبێت.
ئێڤلین پالا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دۆیچەبان، گوتوویەتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە وێستگە و شەمەندەفەرەکانمان رێکوپێکتر و ئاسایشتر بن بۆ هەموو گەشتیاران."
ئەم سیاسەتە پێشتر لە هەندێک لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیا، لەوانەش هامبورگ، میونشن و فرانکفۆرت، جێبەجێ کراوە. ئێستا کۆمپانیاکە دەیەوێت ئەم قەدەخەیە لە هەر 5400 وێستگەکەی ئەڵمانیا جێبەجێ بکات.
کۆمپانیاکە دەیەوێت بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە رێساکانی نێو وێستگەکان بە هاوکاریی شارەوانییەکان و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار نوێ بکرێنەوە و بگۆڕدرێن.



