رووداو دیجیتاڵ
بیر لە کۆتا رۆژ بکەرەوە کە تێیدا پشووت دابێت، کاتی بەتاڵت هەبووبێت و هیچ کار و سەرقاڵییەکت نەبووبێت. رەنگە زۆربەمان نەتوانین رۆژێکی لەو شێوەیەمان بیربکەوێتەوە، چونکە ژیانی سەردەمیانەی ئەمڕۆمان پڕە لە راکەڕاک، جەنجاڵی و سەرقاڵی.
زانایانی کۆمەڵناسی لە سەنگاپوور لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە گۆڤاری (Behavioral Sciences) بڵاوکراوەتەوە، گەیشتوونەتە ئەنجامێکی سەرنجڕاکێش: خێرایی پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤایەتی هێندە زۆرە، کە جەستە و مێشکی ئێمە ناتوانن پێی رابگەن.
مێشکی ئێمە چۆن گەشەی کردووە؟
زانایان دەڵێن، مێشکی مرۆڤ بە درێژایی سەدان هەزار ساڵ بە جۆرێک گەشەی کردووە کە لەگەڵ ژیان لەنێو کۆمەڵگەیەکی بچووک لە خەڵکانی ناسراو بژیت و تەنیا رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببێتەوە کە نزیک و راستەقینەن و دەیانبینێت.
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین زۆر جیاوازە؛ کۆمەڵگەی زەبەلاح، پەیوەندیی بەردەوام بە ئینتەرنێتەوە و گوشارێکی زۆری رۆژانە کە هەستی کێبڕکێ و شەڕکردنێکی بەردەوام لای مرۆڤ دروست دەکەن.

ئەم "نەگونجانە"ی نێوان ئەوەی مێشکمان بۆی دروستبووە و ئەوەی کە ئێستا تێیدا دەژین، بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی، لە قەڵەوییەوە بگرە تاوەکو دڵەڕاوکێ.
لەم کێشەیەدا بە تەنیا نیت!
سارا چان، دەروونناسی ژینگەیی دەڵێت: "زۆرجار کێشەکانی وەک گوشاری دەروونی، تەنیایی و دڵەڕاوکێ وەک کێشەی کەسی سەیر دەکرێن، بەڵام لە راستیدا هۆکارەکەی ئەوەیە کە ژینگەی ئێستامان لەگەڵ مێشک و جەستەماندا ناگونجێت."
بۆ نموونە، پێش سەردەمی ئینتەرنێت، زۆر ئاسانتر بوو بزانیت پێگەت لەنێو کۆمەڵگە بچووکەکەی خۆتدا چۆنە. بەڵام ئێستا، رۆژانە لەسەر شاشەی مۆبایلەکانمان خۆمان بەراورد دەکەین بە سەدان هاوڕێ، خزم، کەسانی بەناوبانگ و تەنانەت کەسانی نەناسراویش، ئەمەش وا دەکات هەمیشە هەست بکەین لە کێبڕکێداین و لەوانی دیکە دواکەوتووین.

قەیرانە لەسەریەکەکان
جگە لەمانە، مرۆڤی سەردەم رووبەڕووی چەندین قەیرانی دیکەش بووەتەوە وەک: گۆڕانی کەشوهەوا، پەتای جیهانی (لەوانە کۆرۆنا)، قەیرانی ئابووری، و پێشکەوتنی خێرای ژیریی دەستکرد.
زاناكان دەڵێن، گرانیی ژیان و قەیرانە داراییەکان وا دەکات خەڵک هەست بە نادڵنیایی بکەن، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر راکەن و کار بکەن تا رادەی شەکەتبوون و ماندووبوونی تەواوەتی، کە لە کۆتاییدا وا دەکات خەڵک کەمتر یارمەتیی یەکدی بدەن و کۆمەڵگە بەرەو داڕمان بڕوات.
توێژەران دەڵێن چارەسەرەکە ئەوە نییە واز لە تەکنەلۆجیا بهێنین، بەڵکو دەبێت ژینگەکەمان بگۆڕین. دەبێت دیزاینی شارەکان بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی کەمتر قەرەباڵخ بن و سەوزایی و سرووشتیان زیاتر تێدابێت بۆ ئارامکردنەوەی مێشک. دەبێت بەرنامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێک دیزاین بکرێن کە هەستی کێبڕکێ و خۆبەراوردکردن کەم بکەنەوە نەک زیاتری بکەن.
لەکۆتاییدا زانا یۆنگ دەڵێت: "دەبێت چارەسەرەکانمان بە جۆرێک بن کە لەگەڵ سرووشتی مرۆڤدا بگونجێن، نەک دژی بوەستنەوە."



