رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، دوای ئەوەی چەند کەسێک بۆ رزگارکردنی مەلەوانێک چوونە نێو ئاوەوە، پێنج کەس لە رووبارێکی ویلایەتی ئۆهایۆ خنکان و گیانیان لەدەستدا. جێفری باڵزەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی دێلاوێر لە ئۆهایۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە کۆمەڵێک کەس لەسەر رووباری (سیۆتۆ) لە شاری پاوڵ لەنزیک کۆڵۆمبوس کۆبوونەتەوە، کاتێک یەکێکیان چووەتە نێو ئاوەکەوە بۆ مەلەکردن، نەیتوانیوە بەباشی مەلە بکات و تووشی کێشە بووە. بە گوتەی باڵزەر: "کاتێک ئەوانی دیکەش بۆ یارمەتیدانی چوونەتە نێو رووبارەکەوە، کارەساتەکە دەستیپێکردووە و ئەوانیش ژێرئاو کەوتوون." گوتیشی: "ئەمە شتێکی نامۆ نییە کە کەسێک لەنێو ئاودا خەریکە دەخنکێت و خەڵکی دیکە هەوڵی رزگارکردنی دەدەن، بەبێ ئەوەی شارەزایی مەلەکردنیان هەبێت، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس." تیمەکانی فریاگوزاری هەر رۆژی یەکشەممە تەرمی دوو ژنیان لەنێو ئاوەکەدا دەرهێنا و لە نەخۆشخانە مردنیان پشتڕاستکرایەوە. ترەیسی وایتێد، گوتەبێژی فەرمانگەی پۆلیسی دێلاوێر رایگەیاند، رۆژی دووشەممە تەرمی سێ پیاوی دیکەش لە رووبارەکەدا دۆزراونەتەوە. بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێرێک پەیوەندیی بە هێڵی فریاکەوتنی 911ـەوە کردووە، دوای ئەوەی بینیویەتی منداڵێکی ترساو (کە لەگەڵ ئەو گرووپەدا بووە) بەرەو سەر رێگەیەکی نزیک رووبارەکە رایکردووە بۆ داواکردنی یارمەتی. ئێستا ئەو منداڵە و منداڵێکی دیکەی خوار تەمەن 10 ساڵ، رادەستی فەرمانگەی چاودێریی خێزانی کراون. ئەم کارەساتە تەنیا دوای دوو رۆژ دێت لە رووداوێکی دیکەی دڵتەزێن لە باشووری ویلایەتی یووتا، کە تێیدا پێنج ئەندامی یەک خێزان لە کاتی گەشتێکدا بەهۆی دروستبوونی لافاوێکی خێراوە گیانیان لەدەستدا.
جیهان21-07-2026کۆمپانیایەک دەیەوێت خواردنەوەی کحول لە هەموو وێستگەکانی شەمەندەفەری ئەڵمانیا قەدەخە بکات
جیهان21-07-2026توێژینەوەیەک: ژیانی سەردەمیانە مێشکی مرۆڤی ماندوو کردووە و لە توانای بەرگەگرتنی دەرچووە