رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان کرد. لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، ترەمپ زنجیرەیەک لێدوانی لەبارەی ئێران، هەڕەشەی حووسییەکان بۆ داخستنی دەریای سوور و کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان دا. دانوستاندن لەگەڵ ئێران دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بەوەی ئایا ئێران ئامادەی راگرتنی شەڕە، رایگەیاند: تاران لە پشت پەردەوە داوای کۆبوونەوە دەکات. ترەمپ گوتی: "ئێوە نازانن لە پشت پەردەوە چ دیالۆگێک لە ئارادایە. ئەوان زۆر پەرۆشن بۆ بینینمان تاوەکو کۆتایی بەم دۆخە بهێنن، بەڵام تاوەکو ئامادە نەبن بە شێوەیەکی واتادار دانوستاندن بکەن، ئێمە هیچ ویستێکمان بۆ بینینیان نییە." سەرۆکی ئەمریکا گوتی: سوپای وڵاتەکەی تواناکانی ئێرانی بۆ ئاستێک دابەزاندووە کە "کەس بڕوای نەدەکرد." ترەمپ باسی لەوە کرد، ئەگەر ئێستا ئەمریکا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، ئێران پێویستی بە 20 تاوەکو 25 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بنیاد بنێتەوە و گوتیشی: "ئێمە هێشتا کارەکانمان تەواو نەکردوون." ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدان، لە 10 رۆژی رابردوودا جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناخێکی نوێوە و ئەمریکا شەوانە بۆردوومانی ئێران دەکات و ئێرانیش هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمریکایان لێیە. هەڕەشەی هێرشکردنە سەر چیای قوڵنگ ترەمپ هۆشداریی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: دەکرێت "بەم زووانە" هێرش بکەنە سەر ئەو شوێنانەی کە ئێران ئامێر و مادە ئەتۆمییەکانی تێدا شاردووەتەوە. پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکاش گوتی: هەر هەوڵێکی ئێران بۆ تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، بە وەڵامێکی "10 هێندە توندتر" رووبەڕوو دەبێتەوە. ترەمپ گوتی: "بە راستی، ئەوان هێشتا هیچیان نەبینیوە، ئێمە تاوەکو ئێستا لەگەڵیان نەرمونیان بووین." سەرۆکی ئەمریکا گومانی خۆی نیشان دا لەوەی کە ئێران بتوانێت جارێکی دیکە ژێرخانە سەربازییەکانی بنیاد بنێتەوە. کاتێک پرسیاری لێ کرا کە ئایا بڕوای وایە ئێران ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم (سەنتەرفیوژ) گواستبێتەوە بۆ شوێنی پارێزراوتر، ترەمپ گوتی: "ئێمە ئاگاداری جووڵەکانین. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، زۆر بە زوویی لەو ناوچانە دەدەین." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: تاران ناتوانێت رێگری لە هێرشەکانی ئەمریکا بکات و گوتی: "ئێران ناتوانێت هیچ کارێک بەرامبەر ئێمە بکات. بە ئاسایی من شتی وا ناڵێم، بەڵام ئەگەر هەستم بکردایە دەتوانن کارێک بکەن بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە، هەرگیز ئەمەم نەدەگوت، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە، زۆر بە زوویی لەو ناوچانە دەدەین." یەکێک لەو شوێنانەی ترەمپ ناوی هێنا بریتی بوو لە چیای قوڵنگ. چیای قوڵنگ لە نێوەڕاستی ئێران و لە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنزە. دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وایە، ئەم کێوە دامەزراوەیەکی نهێنی و قووڵی ژێرزەوی تێدایە کە ئێران هەزاران ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆم (سەنتەرفیوژ)ـی بۆ گواستووەتەوە، تاوەکو لە بۆردوومانی ئاسمانی بیانپارێزێت. وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند: واشنتن هەموو دەرفەتێکی داوەتە ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و نیشانی بدات کە لە پرسی تەنگەی هورمزدا رەفتارێکی ژیرانە دەکات. هێگسەس گوتی: "ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، ئەوا وەک سەرۆک ترەمپ رایگەیاندووە، 10 هێندە توندتر لەوەی پێشوو لێیان دەدەین." ترەمپ هۆشداری دەداتە حووسییەکان سەبارەت بە هەڕەشەی حووسییەکانی یەمەن بۆ داخستنی دەریای سوور، ترەمپ رەتی کردەوە هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوە لەم کاتەدا نیشان بدات و گوتی: "با بزانین چی روودەدات." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچی وایان نەکردووە. ئەگەر بیکەن، ئێمە کارەکان رێکدەخەینەوە. پێشتریش ئەوەمان لەگەڵ حووسییەکان کردووە و لەو کاتەوە دەنگمان لێیان نەبیستووە." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە حووسییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، تەنانەت لە کاتی ئەم جەنگەشدا، کێشەیان بۆ ئەمریکا دروست نەکرد، بەڵام "ئەگەر شتێکی وا رووبدات و دەریای سوور دابخەن، دەبێت ئەرکی خۆمان جێبەجێ بکەین." لوبنان؛ کشانەوەی ئیسرائیل و پەیوەندییەکان ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد لوبنان بۆ ماوەیەکی درێژ وڵاتێکی "پەراوێزخراو و خراپ مامەڵە لەگەڵ کراو" بووە. کاتێک جۆزێف عەون بە ترەمپی گوت: "تۆ سەرۆکێکی مەزنی"، ترەمپ بە پێکەنینەوە بە میدیاکارانی گوت: "دەزانێت چۆن دڵم رابگرێت؛ دەتوانێت هەرچییەکی بوێت بیبات." سەبارەت بە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، ترەمپ رایگەیاند کە پڕۆسەکە بەردەوامە و ئیسرائیلییەکان سەرقاڵی جێگیربوونەوەن لە ناوچەکانی دیکە. ترەمپ ستایشی ئەو رێککەوتنەی کرد کە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل واژۆ کراوە و بە "رێککەوتنێکی مەزن" ناوی برد.
جیهان21-07-2026کۆمپانیایەک دەیەوێت خواردنەوەی کحول لە هەموو وێستگەکانی شەمەندەفەری ئەڵمانیا قەدەخە بکات
جیهان21-07-2026توێژینەوەیەک: ژیانی سەردەمیانە مێشکی مرۆڤی ماندوو کردووە و لە توانای بەرگەگرتنی دەرچووە