رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی پیاوێکی مەغریبی بەهۆی دەستگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی بەزۆر لەلایەن پۆلیسەوە لە شاری بۆلۆنیای ئیتالیا گیانی لەدەستدا، خۆپیشاندان و پێکدادانی تووند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس دروستبوو. لە هەمان کاتدا باڵیۆزخانەی مەغریب لە ئیتالیا هاتە سەر هێڵ و داوای ئاشکراکردنی راستییەکان دەکات.
شەوی سێشەممە 21ی تەممووزی 2026، خۆپیشاندانێک بۆ سەرکۆنەکردنی گیانلەدەستدانی عەبدولڕەحیم فەقیر، هاووڵاتیی مەغریبی تەمەن 42 ساڵ، گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بەشێک لە خۆپیشاندەران بوتڵ، پارچە ئاسن و یارییە ئاگرینەکانیان ئاراستەی پۆلیس کرد، هێزە ئەمنییەکانیش بە بەکارهێنانی ئاوی تیژڕەو و گازی فرمێسکڕێژ وەڵامیان دانەوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی خێزانی قوربانییەکە پێشتر داوایان کردبوو خۆپیشاندانەکە ئاشتییانە بێت و دوور بێت لە تووندوتیژی.
عەبدولڕەحیم رۆژی یەکشەممەی رابردوو، دوای ئەوەی لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا، گیانی لەدەستدا. پۆلیس بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ "رەفتارێکی شەڕانگێزانە"ی ئەو پیاوە، کە پێدەچێت پەیوەندیی بە تێکچوونی باری دەروونییەوە هەبووبێت، چووبوونە شوێنی رووداوەکە.
لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە ئەو پیاوە تەمەن 42 ساڵە، کە نەخۆشیی تەنگەنەفەسی و کێشەی دڵی هەبووە، لە کاتێکدا لەسەر زەوی پاڵخراوە و قۆڵبەست کراوە، داوای یارمەتی دەکات، بەڵام دوای چەند خولەکێک هەناسەدانی دەوەستێت.
ئەوەی زیاتر تووڕەیی لێکەوتووەتەوە، ئاشکرابوونی ئەو راستییەیە کە کارمەندانی فریاگوزاریی خاچی سوور لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوون، بەڵام سەرەڕای هاوارەکانی عەبدولڕەحیم بۆ یارمەتی، هیچ دەستێوەردانێکیان نەکردووە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی بۆلۆنیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ شەش کەس، کە دوو ئەفسەری پۆلیس و چوار کارمەندی فریاگوزارین دەستیپێکردووە بە تۆمەتی ئەگەری "کوشتنی بێ مەبەست". داواکارانی گشتی دەڵێن، "رووداوەکان زۆر فراوانترن لەوەی لەو ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کە لە ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە."
جێگەی سەرنجە کە لێکۆڵینەوەکە بەپێی رێکارێکی تایبەت دەکرێت کە لەلایەن حکومەتی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاوە دەرکراوە، کە رەچاوی ئەوە دەکات ئەفسەران و کارمەندانی فریاگوزاری "بەهۆی هۆکارێکی پیشەیی و یاساییەوە لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون."
لەسەر ئەم کەیسە، باڵیۆزخانەی شانشینی مەغریب لە ئیتالیا رۆژی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە "لە یەکەمین ساتەکانەوە بەوپەڕی نیگەرانی و گرنگیپێدانی قووڵەوە" چاودێریی پێشهاتەکانی ئەو کەیسە دڵتەزێنە دەکات کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکیان.
باڵیۆزی مەغریب لە ئیتالیا روونیکردەوە کە دەستبەجێ رێنمایی دراوەتە کۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی هەموو پاڵپشتییەکی مەعنەوی و هاوکارییەکی کۆنسوڵیی پێویست پێشکەشی خێزانی قوربانییەکە بکەن. هەروەها کونسوڵخانە ئەرکدار کراوە کە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی ئیتالیا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێزگرتن لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی یاسایی ئیتالیا.
لە کۆتاییدا باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "لە بەرژەوەندیی هەموواندایە کە تەواوی راستییەکان لەسەر ئەم کارەساتە بە روونی، شەفافیەت و بێلایەنییەوە ئاشکرا بکرێن" و متمانەی تەواوی خۆیشی بە سیستەمی دادوەریی ئیتالیا دەربڕی بۆ دەرخستنی راستییەکان. هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکە کرد.


