رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فیدراڵیی کار لە ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکی نوێ، هەر کەسێک هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەربگرێ، ئەگەر بە شێوەیەکی ناڕێک و پێک یان سەرخۆشی لە چاوپێکەوتنی کاردا ئامادە بێت، هاوکارییە داراییەکەی کەم دەکرێتەوە. ئەو دامەزراوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەردەگرێ، پابەندە بەوەی هەوڵ بدات کۆتایی بە بێکاری و پێویستیی خۆی بە هاوکارییەکە بهێنێت و کارێک بدۆزێتەوە.
ئەندریاس کرافت، گوتەبێژی ئاژانسی فیدراڵیی کاری ئەڵمانیا، رۆژی چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026، سەبارەت بە رێنماییە نوێیەکانی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامی پرسیارەکانی کەهی مەحموود، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی کار
بەپێی ئاماری ئاژانسی فیدراڵیی کار، لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025دا 5 ملیۆن و 186 هەزار کەس هاوکاریی کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە.
گوتەبێژی ئاژانسی کار گوتی، ئەو کەسانەی بێکارن و هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، دەبێت هەوڵبدەن پێویستییان بەو هاوکارییە کۆتایی پێ بێنن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لەم پڕۆسەیەدا هاوکار نەبن، ئەمە وەک "پێشێلکردنی ئەرک" هەژمار دەکرێ.
ئەو گوتەبێژە گوتی، "بەگوێرەی رێنماییەکانی ئێستا، ئەگەر ئەو کەسەی مافی وەرگرتنی هاوکاریی هەیە، بە رەفتارە نەرێنییەکانی رێگری لە دۆزینەوەی کار بکات، ئەمە وەک پێشێلکردنی ئەرک دەبینرێ. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک بە شێوەیەکی ناپاکژ یان بە سەرخۆشی بچێتە چاوپێکەوتنی کار و خاوەنکار بەو هۆیەوە وەری نەگرێ، سزا بەسەر ئەو کەسەدا دەسەپێندرێ."
ئاژانسی کار ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانبەرانی ئەوان لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا ئامادە نابن، بۆیە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لەبارەی ئەم جۆرە دۆخە ئاگادار دەکرێنەوە.
لەبەرچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتی
گوتەبێژی فەرمانگەی کار گوتی، پێش سزادان، هەر پێشێلکارییەک بەپێی دۆخی کەسی هەڵدەسەنگێندرێ. بەپێی مادەی 24ی یاسای هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان، دەرفەت دەدرێتە ئەو کەسە کە بە نووسراو یان بە زارەکی روونکردنەوە لەبارەی پێشێلکارییەکە بدات.
بە گوتەی کرافت، هۆکارەکانی وەک نەخۆشیی دەروونی یان ئالوودەبوون بە کحول، لە کاتی بڕیاردان لەسەر سزاکان لەبەرچاو دەگیرێن.
سەبارەت بە ئاستی سزاکان، ئەو گوتەبێژە گوتی، "ئەگەر دوای ئەم لێکۆڵینەوانە بڕیاری کەمکردنەوەی هاوکارییەکە درا، مووچەی بنەڕەتیی هاوکارییەکە بۆ 3 مانگ بە رێژەی 30% کەم دەکرێتەوە."
هاوکات گوتەبێژێکی وەزارەتی کار لە وەڵامێکی دیکەدا لە 20ی تەممووز بە رووداوی راگەیاند، ئەم ڕێنماییە لە چوارچێوەی مادەکانی 31 و بەرەوسەر لە یاسای هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانە و لە 1ی تەممووزەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.



