رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای OpenAI کە بەرهەمهێنەری ChatGPTـیە، رایگەیاند، لە کاتی تاقیکردنەوەی ئەمنیدا، مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد لە دەست دەرچوون و لە خۆیانەوە و بەبێ فەرمانی مرۆڤ هێرشی ئەلیکترۆنییان کردووەتە سەر پلاتفۆرمێکی پرۆگرامسازەکان.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە ئەمەی بە "رووداوێکی ئەلیکترۆنیی بێپێشینە" ناوبرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەو ماڵپەڕە دەکەن کە ژیریی دەستکرد هاکی کردووە، ئەویش ماڵپەڕی Hugging Faceـە.
هاککردنەکە لە لایەن ئەیجێنتەکان یاخود بریکارەکانی ژیریی دەستکردەوە کراوە. بۆ ئەوانەی ئاشنای ئەم چەمکە نین، کاتێک ژیریی دەستکرد لەخۆیەوە و بەبێ فەرمانی مرۆڤ کارێک لە جیهانی راستەقینەدا دەکات، پێی دەگوترێت "ئەیجێنت"، بە کوردی واتە بریکار.
تاقیکردنەوەیەکی ئەمنی OpenAI لێکۆڵینەوەی لێکەوتووەتەوە
کۆمپانیای OpenAI دەیویست بزانێت ئایا ئەیجێنتەکانی ژیریی دەستکرد تا چەند توانای هاککردنیان هەیە، بۆیە لەنێو ژینگەیەکی زۆر داخراو و سنوورداردا کە هێڵی ئینتەرنێتی لێ بڕابوو بۆ سەلامەتی، چەند ئەرکێکی قورسی پێ سپاردن تاوەکو جێبەجێی بکەن. ئەم تاقیکردنەوەیە چەند مۆدێلێکی لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا مۆدێلی نوێی چات جی بی تی (GPT-5.6 Sol) و مۆدێلێکی زۆر لەوەش پێشکەوتووتر کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ژیرییە دەستکردەکە بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە قورسەی پێی سپێردرابوو جێبەجێی بکات، خەریکی دۆزینەوەی رێگەیەک بووە بۆ ئەوەی "ئینتەرنێتی دەستبکەوێت".
"کاتێک توانیویەتی خۆی بە ئینتەرنێتەوە ببەستێتەوە، بڕیاریداوە هێرش بکاتە سەر پلاتفۆرمی Hugging Face تاوەکو زانیارییە نهێنییەکانی دەستبکەوێت و لەرێگەیەوە فێڵ لە تاقیکردنەوەکەی بکات! بۆ ئەم کارەش تەنانەت پاسوۆرد و زانیاریی دزراوی بەکارهێناوە."
شارەزایان تووشی شۆک بوون
حوسێن عەباس، پرۆفیسۆری کۆمپیوتەر لە زانکۆی (UNSW) لە ئوسترالیا رووداوەکەی خستە ڕوو.
🎙️ پرۆفیسۆر حوسێن عەباس:
"ئەم رووداوە لە زۆر رووەوە حەپەسێنەرە. ژیرییە دەستکردەکە تەنیا هێرشی نەکردە سەر ماڵپەڕەکە، بەڵکو هێرشی کردە سەر سیستمە ناوخۆییەکەی خۆیشی بۆ ئەوەی کەلێنە ئەمنییەکان بقۆزێتەوە و بیانشکێنێت. ئەمە زۆر ترسناکە."
پێشتر کۆمپانیاکانی ئەمریکا، وەک OpenAI و Anthropic ناچار بوون بڵاوکردنەوەی ئەم مۆدێلە پێشکەوتووانە دوابخەن، چونکە حکومەتی ئەمریکا دەترسا لەوەی ئەم پرۆگرامانە بتوانن هێرش بکەنە سەر ژێرخانی ئەلیکترۆنیی وڵاتەکە.
پەیامی هۆشداری: "ئەم تەکنەلۆژیایە بەزۆری بەدەست کەسانی بەرپرسیارەوەیە، بەڵام ئەگەر بکەوێتە دەست کەسێک کە بیەوێت زیان بگەیێنێت، کارەسات روودەدات." بۆیە داوا دەکات هەموو جیهان پێکەوە یاسا بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیریی دەستکرد دابنێن.
کلێمێنت دێلانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Hugging Face:
"ئێمە بە ژیریی دەستکردی خۆمان بەرپەرچی ئەم هێرشەیان داوەتەوە... ئێمە دڵنیاین لەوەی کۆمپانیای OpenAI نیازی خراپی نەبووە. بەڵام ئەوەی کە هەموو ئەمانە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ روویانداوە، بەڕاستی مێشک دەوەستێنێت!"



