رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا گیانلەدەستدانی 5764 کەسی بەهۆی شەپۆلی گەرمای مانگی رابردوو تۆمار کردووە، ئەمەش بەرزترین ژمارەی گیانلەدەستدانە بەهۆی گەرماوە لە وڵاتەکە لە 2003ـەوە.
ئاژانسی تەندروستیی گشتیی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026 رایگەیاند: لە ماوەی نێوان 17ـی حوزەیران تاوەکو 2ـی تەممووزی ئەمساڵ، 5764 گیانلەدەستدانی دیکە بەهۆی شەپۆلی گەرماوە تۆمارکراون. بەرپرسانی تەندروستیی ئاماژەیان بەوە کردووە، نزیکەی دوو لەسەر سێی مردووان تەمەنیان 75 ساڵ یان زیاتر بووە و نیوەی ئەو ژمارەیە تەنیا لە سێ رۆژدا (25 بۆ 27ـی حوزەیران) تۆمارکراوە.
بەپێی داتاکان، پلەی گەرمای ناوچەی "پاریسی گەورە" 41 پلەی سیلیزیی تێپەڕاندووە و زۆربەی قوربانییەکان لەنێو ماڵەکانیاندا گیانیان سپاردووە؛ ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی باڵەخانە کۆنەکان سیستەمی فێنککەرەوەیان تێدا نییە و گەرما لە ناوخۆیاندا کۆدەکەنەوە.
لە مانگی حوزەیراندا وڵاتەکە بەرزترین پلەی گەرمای لە مێژووی تۆمار کردووە لە 1947ـەوە.
قەیرانێکی گشتگیر لە ئەورووپا
بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ناوەندی چاودێریی گیانلەدەستدانی ئەورووپا، شەپۆلەکە زیانی گەورەی بە وڵاتانی دیکەش گەیاندووە. ئەڵمانیا بە تۆمارکردنی 6800 گیانلەدەستدان، بە زیانلێکەوتووترین وڵات دادەنرێت، کە تێیدا پلەی گەرما گەیشتە 41.7 پلە. هەروەها لە بەریتانیا 2200 کەس، لە بەلجیکا 1740 کەس و لە ئیسپانیاش زیاتر لە 800 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەم دۆخە نائاساییە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژێرخانی وڵاتان؛ رێژەی چوون بۆ ژووری فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان لە ئەورووپای رۆژئاوا 20٪ زیادی کردووە. لە ئیتاڵیا بەهۆی گوشاری زۆر لەسەر کارەبا، چەندین ناوچە تووشی بڕانی تەزووی کارەبا بوون. لە هەمان کاتدا، گەرمای زۆر بووەتە هۆی خواربوونی هێڵەکانی شەمەندەفەر و پچڕانی تەلەکانی گواستنەوە لە فەرەنسا و بەریتانیا.
زانایانی تۆڕی (گرووپی کەشوهەوای جیهان) جەخت دەکەنەوە: ئەم شەپۆلە بەهۆی دیاردەی "گومبەزی گەرما" دروستبووە و بەبێ کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، روودانی کارەساتێکی لەم شێوەیە لە ناوەڕاستی حوزەیراندا "مەحاڵ" بووە. زیانە کشتوکاڵییەکانی ئەم شەپۆلە بە دوو ملیار یۆرۆ مەزەندە دەکرێن، چونکە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە ئەورووپا 9 ملیۆن تۆن کەمی کردووە.



