رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی سووریا و پێگەی کورد لەو وڵاتەدا، بووەتە مژاری کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام ئەوەی تێبینی کرا، زۆربەی وڵاتە بڕیاربەدەستەکان لە گوتارەکانیاندا باسیان لە رۆڵ و مافی کورد نەکرد، تەنیا رووسیا نەبێت کە بە ئاشکرا ناوی هێنان.
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، کلاودیۆ کۆردۆن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، راپۆرتێکی لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکان پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "لە باکووری رۆژهەڵات، پێشکەوتن بەردەوامە لە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و ئاسایشی ناوخۆ بەپێی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم."
کۆردۆن ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی دەزگاکانی دادوەری و وەزارەتەکان دەستیپێکردووە و گوتیشی: "خێزانە ئاوارەبووە کوردەکان خەریکە دەگەڕێنەوە بۆ عەفرین."
پرسی شەرڤانان و چارەنووسی یەپەژە
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی نێوان ئیدارەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی ناوەندی، پرسی چەک و فەرماندەیی هێزەکانە. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو کە گفتوگۆکان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی هەستیار بەردەوامن، لەوانە: "رێکخستنی فەرماندەیی، تێکەڵکردنی یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان."
ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کاتێک شەرڤانانی هەسەدە دەخرێنە سەر سوپای سووریا، فەرمان لە کێ وەردەگرن؟ ئایا فەرماندەییەکەیان لەژێر دەستی مەزڵوم عەبدی دەمێنێتەوە یان ئەفسەرانی دیمەشق سەرپەرشتییان دەکەن؟
بێدەنگیی ئەمریکا و فەرەنسا
سەرباری ئەوەی ئەمریکا هاوپەیمانی سەرەکیی کوردە لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام تامی برۆس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گوتارێکی شەش خولەکیدا باسی لە مەترسییەکانی داعش، ئێران و حیزبوڵڵا کرد، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی کورد یان هەسەدە نەکرد.
بە هەمان شێوە، فەرەنسا وەکو دۆستێکی دێرینی کورد دەناسرێت، لە رێگەی جێگری نوێنەرەکەیەوە تەنیا باسی لە دەستپێکردنی کارەکانی "ئەنجوومەنی گەل" کرد وەکو هەنگاوێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکانی سووریا، بێ ئەوەی ناوی کورد بهێنێت. چینیش تەنیا داوای لە لایەنەکان کرد جیاوازییەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
رووسیا؛ تاکە داکۆکیکار لە مافی کورد؟
لەنێو زلهێزەکاندا، رووسیا تەنیا وڵات بوو کە بە روونی باسی لە کورد کرد. ئانا ئاڤستیگنیڤا، جێگری نوێنەری رووسیا رایگەیاند: "مەرسومی سەرۆکایەتیی 16ی کانوونی دووەمی 2026، پاراستن و مافەکانی کەمینەی کورد دەستەبەر دەکات و ئەمە نموونەیەکی باشی تێکەڵکردنی بڕگە گرنگەکانە لە رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە."
وەڵامی ناڕوونی دیمەشق
لە وەڵامی پرسیارێکی نێردراوی رووداودا سەبارەت بە چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا، ئیبراهیم عولەبی، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵامێکی ناڕوونی دایەوە و گوتی: "ئێستا پەرلەمانمان هەیە و ئەم پرسیارانە لەوێ نیەکلایی دەکرێنەوە. دەستوورەکە لە رێگەی کۆمیتەکانی پەرلەمانەوە دروست دەکرێت و حکومەت چیتر بەرپرسیار نییە لێی."
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سووریا بکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی دیکە کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا لەو گەشتەدا چاوی بە ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەکەوێت یان نا.


