رووداو دیجیتاڵ
جیانگ بین، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، وڵاتەکەی لە هەناردەکردنی چەکدا پەیڕەوی سێ بنەمای سەرەکی دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکارییە سەربازییەکانیان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن.
جیانگ بین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیژینگ ئاماژەی بەوە کرد، چین و سوپای عێراق پەیوەندییەکی دۆستانەی مێژووییان هەیە؛ ئەم هاوکارییە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی کارمەند، مەشق و راهێنانی سەربازی لەنێوان ئەکادیمیاکانی هەردوو وڵات دەگرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین سێ بنەما سەرەکییەکەی وڵاتەکەی بۆ فرۆشتنی چەک روونکردەوە: یەکەم، بەهێزکردنی توانای بەرگریی رەوای وڵاتی وەرگر؛ دووەم، تێکنەدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان؛ سێیەم، دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان.
جیانگ بین جەختی کردەوە کە چین وەک دۆست و هاوبەشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەمیشە هەڵوێستێکی دادپەروەرانەی هەبووە؛ گوتیشی، بەیژینگ ئامادەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە لە زووترین کاتدا.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا رووی لە کڕینی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیی چین کردووە، بەتایبەتی درۆن و سیستمی چاودێریی مانگە دەستکردەکان.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: تێبینی دەکرێت خواستێکی گەورە لای وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستبووە بۆ دەستکەوتنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیی چین، بەتایبەت لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و سیستمی چاودێریی مانگە دەستکردەکان. بنەما سەرەکییەکانی چین بۆ هاوکارییە سەربازی و تەکنیکییەکانتان لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی عێراق چین؟ وەڵامی ئێوە چییە بۆ ئەو بانگەشانەی دەڵێن ئەم هاوکارییە سەربازییانەی چین هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕن؟
جیانگ بین، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین: چین و سوپای عێراق پەیوەندییەکی دۆستانەی مێژووییان هەیە و هەردوولاش هاوکاریی بەرهەمداریان هەبووە، لەوانە ئاڵوگۆڕی کارمەندان، مەشق و راهێنان لەنێوان ئەکادیمیا سەربازییەکان. چین هەمیشە هەڵوێستێکی هۆشیارانە و بەرپرسیارانەی بەرامبەر هەناردەکردنی چەک گرتووەتەبەر و پابەند بووە بە سێ بنەمای هەناردەکردنی چەک: بەشداریکردن لە تواناکانی بەرگریی رەوای وڵاتی وەرگر، تێکنەدانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی پەیوەندیدار و جیهان، دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتی وەرگر. چین وەک دۆست و هاوبەشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەمیشە هەڵوێستێکی دادپەروەرانەی پاراستووە و چالاکانە کار دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و وەستاندنی ململانێکان. ئێمە ئامادەین لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاربکەین بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵە بێوچانەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زووترین کاتدا.

