رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) گوشار دەخاتە سەر پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە بەرهەمهێنانی چەک، بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کۆگەیانەی کە بەهۆی شەڕی ئێراندا بەتاڵ بوونەتەوە.
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان کاردەکات بۆ زیادکردنی کڕینی تەقەمەنی، تاوەکو "ئەو چەکانەی شەڕکەرەکانمان پێویستیانە، بەو خێراییەی کە هەڕەشەکان دەخوازن، دابین بکرێن."
پارنێڵ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی هەفتەی رابردوو بۆ خێراکردنی پرۆسەکە بەشێک بووە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ نۆژەنکردنەوەی سوپا کە پێش دەستپێکردنی شەڕی پێنج مانگەی ئێرانیش دەستی پێکردبوو.
بەگوێرەی یاداشتنامەیەک کە دەست (واشنتن پۆست) کەوتووە، ستیڤ فاینبێرگ، جێگری وەزیری جەنگیی ئەمریکا، رۆژی 5ـی ئەم مانگە نووسراوێکی ئاراستەی کەرتی پیشەسازی کردووە و تەنیا 21 رۆژ مۆڵەتی پێداون بۆ پێشکەشکردنی پلانەکانیان بە مەبەستی خێراکردن و زیادکردنی بەرهەمەکانیان.
فاینبێرگ لەو نووسراوەدا دەڵێت: "خولی پەرەپێدانی ساڵانە چیدیکە جێگەی قبووڵکردن نییە، دەبێت بە شێوەیەکی دراماتیکی خشتەی بەرنامەکانمان خێرا بکەین و توانای بەرهەمهێنانمان هەر ئێستا فراوان بکەین."
ئەم یاداشتنامەیە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران بووەتە هۆی بەکارهێنانی رێژەیەکی زۆری مووشەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا؛ ئەمەش رەنگە سەربازانی ئەمریکا بخاتە ناو مەترسییەکی گەورەترەوە ئەگەر شەڕ دووبارە دەستپێ بکاتەوە.
بەگوێرەی شرۆڤەیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە واشنتنە، کەمیی مووشەکەکانی پاتریۆت و تاد رەنگە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناچار بکات مەترسیی زیاتر بدەنە بەر خۆیان بۆ ئەوەی ئەو بەرگرییە ئاسمانییانە بپارێزن. بۆ نموونە، هێزەکانی ئەمریکا رەنگە مووشەکی کەمتر دژی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بەکاربهێنن، ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاد دەکات یەکێک لە مووشەکەکان بگاتە ئامانجەکەی.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا رەخنەی لەو راپۆرتانە گرتووە کە باس لە کەمیی تەقەمەنی دەکەن و رۆژی پێنجشەممە لە تروس سۆشیەڵ نووسیویەتی، ئەمریکا "بڕێکی زۆر" چەکی هەیە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "بڕێکی زۆر لە بەرهەمهێنان دایە و لە کاتی پێویستدا بۆ ناوخۆی ئەمریکا دەنێردرێن."
ئەمە لەکاتێکدایە کە پڕۆژەیاسای خەرجییەکانی بەرگری لە کۆنگرێس پەکخراوە، چونکە یاسادانەران لە هێرشە سەربازییەکانی ترەمپ دژی ئێران تووڕەن و دژایەتیی داواکارییەکەی کۆشکی سپی دەکەن بۆ زیادکردنی بودجەی پێنتاگۆن لە 900 ملیار دۆلارەوە بۆ 1.5 تریلیۆن دۆلار.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، ژمارەی مووشەکەکانی پاتریۆت لە پێش شەڕدا 2330 مووشەک بووە، بەڵام لە کاتی ئاگربەستەکەی مانگی نیساندا بۆ 1030 مووشەک دابەزیوە. دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەش، خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەکە تەنیا لەنێوان 759 بۆ 827 مووشەکدایە، واتە زیاتر لە 65%ـی کۆگاکانی پاتریۆت لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەکەوە کەمبوونەتەوە.
هەروەها ژمارەی مووشەکەکانی سیستەمی (تاد) پێش شەڕ 452 مووشەک بووە، بەڵام لە سەرەتای ئاگربەستەکەی نیساندا بۆ 232 بۆ 262 مووشەک دابەزیوە. هەرچەندە ئەمریکا توانیویەتی بەشێکی پڕ بکاتەوە، بەڵام هێشتا کۆگاکان بەلایەنی کەمەوە 38% کەمترن لەوەی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە هەبوون.



