رووداو دیجیتاڵ
هەنتەر بایدن، کوڕی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، نەخۆشیی شێرپەنجەکەی جۆ بایدنی باوکی زیاتر تەشەنەی سەندووە و بە نێو ئێسقانەکانی بڵاوبووەتەوە.
لە ئایاری 2025ـدا، تەنیا چوار مانگ دوای ئەوەی وەک بەتەمەنترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکا کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا، جۆ بایدن ئاشکرای کرد کە تووشی جۆرێکی مەترسیداری شێرپەنجەی پرۆستات بووە و نەخۆشییەکە بە نێو ئێسقانەکانی بڵاوبووەتەوە.
بایدنی تەمەن 83 ساڵ، دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی، دەستی بە وەرگرتنی چارەسەری تیشکی و هۆرمۆنی کرد؛ مانگی رابردووش لە کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبی بیرەوەرییەکانیدا گوتی، پرۆسەی چارەسەرکردنەکەی "زۆر باش" بەڕێوەدەچێت.
بەڵام هەنتەر بایدن لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی (بی بی سی) گوتی، سەرەڕای وەرگرتنی چارەسەرەکان، نەخۆشییەکەی باوکی زیاتر بڵاوبووەتەوە. هەنتەر ئاماژەی بەوەش کرد: "شێرپەنجەکە تەشەنەی سەندووە و بۆ ناو ئێسقانەکانی و زیاتریش بڵاوبووەتەوە."
کوڕەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە باوکی بەدەست ئازارێکی زۆرەوە دەناڵێنێت و گوتی: "ئەمە زۆر بەئازارە و لە زۆر رووەوە مرۆڤ پەکدەخات، بەڵام ئەو هێشتا لە گۆڕەپانەکەدا ماوە و کارەکانی خۆی دەکات... ئەو زۆر بڕوای بەم وڵاتە هەیە."
هەنتەر بایدن لە کاتی قسەکردن لەسەر تەندروستیی باوکی، هەستیاریی پێوە دیار بوو و گوتی: "ئەمە زۆر زۆر سەختە، بینینی ئەو دیمەنە زۆر خەمناکە."
سەرەڕای پرسیارە بەردەوامەکان لەسەر بارودۆخی تەندروستیی، بایدن لە ساڵی 2024ـدا کاتێک تەمەنی 81 ساڵ بوو، بڕیاریدا بۆ خولی دووەم خۆی بەربژێر بکاتەوە، بەڵام دوای دیبەیتەکەی مانگی حوزەیرانی 2024 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و دروستبوونی گوشارێکی زۆر لەلایەن دیموکراتەکانەوە، بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کشایەوە.
دواتر دۆناڵد ترەمپ توانی لە کامالا هاریس، جێگری بایدن بباتەوە و وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە.



