رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بەرپرسیارە بەرامبەر بەو وێرانکاری و زیانە گیانیانەی بەهۆی شەڕەکانەوە لە لوبنان، سووریا، یەمەن و غەززە دروست بوون.
رۆژی دووشەممە 10ی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیال بڵاویکردەوە، "سەبارەت بە دانوستانەکانی ئێران، دەبێت ئێران بەرپرسیار بێت لەو زیان و گیانلەدەستدانانەی کە تووشی خەڵکی لوبنان، سووریا، یەمەن و غەززە بووە."
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2026، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. دواتر ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی و زەوینی وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. رۆژێک دوای دەستپێکی جەنگەکە، حیزبوڵڵای لوبنانیش مووشەکی ئاڕاستەی باکووری ئیسرائیل کرد.
بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی 80 هەزار کەس کوژراون. بەگوێرەی تەندروستی لوبنانیش، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان بوونەتە هۆی کوژرانی پێنج هەزار کەس. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئێران بە پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانە تۆمەتبار دەکەن.
لە دوای دەستپێکی جەنگەکەوە، ئیسرائیل ئێرانی بە پاڵپشتیکردنی ژمارەیەک گرووپ تۆمەتبار کرد کە دەیانەوێت هێرشبکەنە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەوە چەندین هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو هێزانە لە سووریا.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆن بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە. ئێستاش، ئەمریکا و ئێران لە دانوستاندنی نافەرمیدان و کەسیان ملیان بۆ داواکانی ئەوەی دیکە نەداوە.
لە کاتی جەنگی غەززە و جەنگی ئێرانیشدا، حووسییەکان پاڵپشتی غەززە و تارانیان کرد و هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل، ئەمە جگە لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا. وەکو وەڵامێکی بۆ ئەو هێرشانە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ژمارەیەک هێرشیانکردنە سەر حووسییەکان.
.jpg&w=3840&q=75)


