رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، کە هێشتا دوو ساڵی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی تەواو نەکردووە، ڤیزای زیاتر لە 175 هەزار بیانی هەڵوەشێندراوەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 10ی ئابی 2026، وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە ئەو کەسانەی گرتووەتەوە کە مەرجەکانی ڤیزایان پێشێل کردووە، تاوانیان کردووە، هانی تووندوتیژییان دژی هاووڵاتیانی ئەمریکی داوە یان بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ڤیزە
بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە، زۆرینەی ئەم ڤیزایانە بەهۆی تۆمارکردنی سەرپێچی و تاوان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە هەڵوەشێندراونەتەوە. هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە، هێرشکردنە سەر کەسانی دیکە و دزیکردن، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەژێر کاریگەریی ماددە کحولییەکان یان لێخوڕینی بێسەروبەر، تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، دەستدرێژیی سێکسی و چەوساندنەوەی منداڵ و فێڵکردن و سپیکردنەوەی پارە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک نمونەی هەندێک لە تاوانە قورسەکان، ئاماژەی بە کەسێکی بیانی کردووە کە تۆمەتبار بووە بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کەسێک کە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، هەروەها کەسێکی دیکەی بیانی کە بە تۆمەتی رفاندن، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستدرێژی سێکسیی بۆ سەر مێرمنداڵان ڤیزاکەی لێ وەرگیراوەتەوە.
رووبەڕووبوونەوەی "گەشتیاریی لەدایکبوون"
بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رێگری لە دیاردەی گەشتیاریی بۆ مەبەستی منداڵبوون دەکەن. وەزارەتەکە دەڵێت، تەنیا یەکێک لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە باکووری ئەفریقا، ڤیزەی زیاتر لە 100 باوانی هەڵوەشاندووەتەوە کە تەنیا بۆ ئەوە چووبوونە ئەمریکا تاوەکو منداڵەکانیان لەوێ لەدایک ببن و وڵاتینامەی ئەمریکی بەدەستبهێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، لەژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوە و ناسینەوەی ئەو بیانییانەی کە مەترسی بۆ سەر سەلامەتیی گەلی ئەمریکا دروست دەکەن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ڤیزای ئەمریکا سەرەتی و شانازییەکە، نەک ماف. وەزارەتی دەرەوە پابەندە بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی بەردەستی بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەمان لەو کەسانەی خراپ بەکاری دەهێنن."



