رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا هۆشداری دەدات کە تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەیە، کیشوەری ئەورووپا لەبواری هەبوونی مووشەکی هەڵدانی مانگە دەستکردەکان کە دروستکراوی ناوخۆیی یەکێتییەکە بن تووشی کورتهێنان دەبێت، چونکە داواکارییەکان بۆ رەوانەکردنی مانگی دەستکرد زۆر لە توانا سنووردارەکانی ناوچەکەیان زیاترن.
رۆژی دووشەممە، 10ی ئابی 2026، جۆزێف ئەشباکەر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز رایگەیاند، ئەورووپا لە کێبڕکێی لەگەڵ ئەمریکا و چین دواکەوتووە و گوتی: "ئەورووپا لە دەوروبەری ساڵی 2030دا رووبەڕووی کەمیی مووشەکی هەڵدانی مانگە دەستکردەکان دەبێتەوە."
کێبڕکێیەکی نایەکسان
ئامارەکان نیشانی دەدەن ئەورووپا مەودایەکی زۆری لەگەڵ رکابەرەکانیدا هەیە. تەنیا پار، کۆمپانیای سپەیس ئێکسی سەر بە ئیلۆن مەسک 170 مووشەکی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە، لە کاتێکدا تەواوی ئەورووپا تەنیا هەشت مووشەکی هەڵداوە. مەسک لە رێگەی بەکارهێنانی مووشەکێک کە بتواندرێت بەکاربهێنرێتەوە توانیویەتی تێچووەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و بازاڕەکە کۆنتڕۆڵ بکات.
ئەشباکەر ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پڕۆژە پلانبۆداڕێژراوەکانەوە، پێویستیی ئەورووپا بۆ هەڵدانی مووشەک لە ساڵانی 2029، 2030 و 2031 دەگاتە لووتکە.
پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئەورووپا لە مەترسیدان
ئەورووپا چەندین پڕۆژەی گەورەی بۆشایی ئاسمانی لەبەردەستدایە کە پێویستییان بە هەڵدانی بەردەوام هەیە، لەوانە:
کۆمەڵە مانگی دەستکردی ئای ئاڕ ئای ئێس2 بۆ پەیوەندییە پارێزراوەکان کە بڕیارە 2029 دەستپێبکات.
فراوانکردنی سیستەمی رێدۆزی گالیلۆ.
پڕۆگرامی کۆپەرنیکۆس بۆ چاودێریکردنی زەوی.
ئەم داواکارییە زۆرانە لە کاتێکدایە کە توانای هەڵدانی مووشەکی ئەورووپی هێشتا سنووردارە. مووشەکی نوێی جۆری ئاریان6 کە بۆ باری قورس دروستکراوە، هێشتا لە قۆناخی سەرەتایی بەرهەمهێناندایە، هەروەها مووشەکی ڤێگا سی بۆ باری سووک، تەنیا لە کۆتایی 2024دا و دوای چەند ساڵێک لە پەککەوتن، دەست بە بەرهەمهێنانی کرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئەوروپا دەتوانێت لە ئایندەدا پشت بە مووشەکی هەڵدەری ناوخۆیی خۆی ببەستێت.



