رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی زەریاکان و بەرگەهەوای ئەمریکا (NOAA) رایگەیاند، مانگی تەممووزی 2026 گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی تۆمارکراوی ئەمریکادا، ئەمەش بەردەوامیی ئەو رەوتەیە، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبووە و مرۆڤ هۆکارەکەیەتی. رۆژی دووشەممە 10-08-2026، ئاژانسەکە رایگەیاند، تێکڕای پلەی گەرمی لەو مانگەدا لە 48 ویلایەتی ئەمریکا (بەدەر لە ئالاسکا، هاوایی و ناوچەکانی دەرەوەی وڵاتەکە) 24.9 پلەی سیلیزی بووە، بەمەش دەبێتە گەرمترین مانگی تەممووز و گەرمترین مانگ بەگشتی لە مێژووی 132 ساڵەی تۆمارەکانی ئەو ئاژانسەدا. ئەو پلەیە، 3.3 پلەی فەهرەنهایت لە تێکڕای پلەی گەرمیی سەدەی بیستەم بەرزترە و ریکۆردی پێشووی گەرمترین مانگی شکاند کە لە تەممووزی 1936ـدا تۆمار کرابوو (24.6 پلەی سیلیزی). بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە سەرووی تێکڕای ئاساییەوە لە ناوچەکانی رۆژئاوا، باشووری رۆژئاوا، چیاکانی رۆکی، دەشتەکانی باکوور و ناوەڕاستی رۆژئاوای ئەمریکا، هەروەها بەشێک لە کەناراوەکانی کەنداو و باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تۆمار کراون. ویلایەتی وایۆمینگ گەرمترین مانگی تەممووز و گەرمترین مانگی لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد، کە پلەی گەرمی 5.1 پلەی فەهرەنهایت لە سەرووی تێکڕای ئاساییەوە بوو. پێنج گەرمترین مانگەکانی دیکە لە مێژووی ئەمریکادا بریتین لە تەممووزی 2012، تەممووزی 2006 و تەممووزی 2022، کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، بەتایبەتی سووتاندنی سووتەمەنییە بەبەردبووەکان، هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیەن. تەممووزی 2026 بە شەپۆلێکی گەرما دەستیپێکرد کە زۆربەی ناوچە چڕە دانیشتووەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکای گرتەوە. زانایانی گرووپی توێژینەوەی کەشوهەوای جیهانی (World Weather Attribution) شیکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێن، ئەو کەشە گەرم و شێدارەی کە تایبەتمەندیی ئەو شەپۆلە گەرمایە بوو و هاوکات بوو لەگەڵ ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا و میوانداریکردنی قۆناخەکانی کۆتایی مۆندیالی تۆپی پێ، بەبێ گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی مرۆڤەوە، "بەتەواوی مەحاڵ" دەبوو. پێدەچێت دیاردەی سرووشتیی کەشوهەوای ئیل نینۆ، کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەم ساڵ بگاتە لووتکە، کاریگەریی هەبووبێت لەسەر دروستبوونی "گومەزێکی گەرمی" بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە ویلایەتەکانی باکووری رۆژئاوای ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا. بەرزبوونەوەی پێوانەیی پلەی گەرمیی رووی زەریا لە ناوەڕاستی زەریای هێمندا، شوێنی دروستبوون و دەرپەڕینی وزەی باهۆزە خولگەییەکانی گۆڕی، ئەمەش وایکرد هەوای گەرم لەو ناوچەیەدا قەتیس ببێت. هاوکات، کەشی گەرم و بادار بووە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، بەتایبەتی کە زۆربەی بەشەکانی رۆژئاوای ئەمریکا چەندین ساڵە بەدەست وشکەساڵی و کەمیی بارانەوە دەناڵێنن. بەپێی شیکردنەوەیەکی ئاژانسی فرانس پرێس بۆ داتاکانی کۆپەرنیکۆسی یەکێتیی ئەورووپا، ئەو ناوچانەی کە نزیکەی 900 ملیۆن کەسیان تێدا دەژی، لە مانگی تەممووزی 2026ـدا گەرمترین مانگی مێژوویان بەڕێکردووە، لە نێویاندا ناوچەی ساحیل لە ئەفریقا، ئەمریکای ناوەڕاست، فەرەنسا و ئیسپانیا. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم دواییە هۆشداریدا، بەهێزبوونی دیاردەی ئیل نینۆ دەتوانێت هەموو ریکۆردەکانی پێشوو بشکێنێت و "ئاگر لە هەسارەیەک بەربدات کە خۆی لە ئاگردا دەسووتێت،" ئەمەش جیهان بەرەو "قۆناخێکی نادیار" دەبات. دیاردەی ئیل نینۆ پلەی گەرمیی رووی ئاو لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی کەمەری زەریای هێمن بەرزدەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی جیهانی لە ئاراستەی با، پەستانی بەرگەهەوا و شێوازی بارانباریین، ئەمەش بەگشتی پلەی گەرمیی جیهان بەرزدەکاتەوە. گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت لێکەوتەکانی ئیل نینۆ زیاتر بکات، چونکە گەرمبوونی زەریاکان و بەرگەهەوا، وزە و شێی زیاتر بۆ رووداوە تووندەکانی کەشوهەوا دابین دەکات، وەک شەپۆلی گەرما و بارانی بەخوڕ. هەرچەندە دیاردەی ئیل نینۆ زۆرجار لە نێوان مانگەکانی تشرینی دووەم و شوباتدا دەگاتە لووتکە، بەڵام بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زۆرجار دواتر دەردەکەوێت. لە ئەنجامدا، زانایان پێشبینی دەکەن ساڵی 2027 ببێتە گەرمترین ساڵی مێژوو لەسەر ئاستی جیهان، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت 2026 ببێتە دووەم گەرمترین ساڵ.