رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی ناسا ئەو بانگەشەیە رەتدەکاتەوە کە دەڵێت رۆژی 12-8-2026، هێزی راکێشانی زەوی بۆ ماوەی 7 چرکە دەوەستێ و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس.
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) دەڵێت، ئەو دەنگۆیە بەتەواویی ناڕاست و درۆیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو تیکتۆک، فەیسبووک و چەندینی دیکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە؛ لە پۆستەکاندا ئاماژە بە پڕۆژەیەکی نهێنیی ئاژانسی ناسا بە ناوی "پڕۆژەی ئەنکۆر" دەدرێت و بانگەشەی ئەوە دەکرێت گوایە ئاژانسەکە پێشبینیی لەدەستدانی کاتیی ھێزی راکێشانی کردووە. تەنانەت لە هەندێک ڤیدیۆی بەرهەمهێنراو بە ژیریی دەستکرد، خەڵک و کەلوپەل دەبینرێن کە لە هەوادا بەرەو سەرەوە دەچن.
بەپێی راگەیێندراوێکی ناسا، هیچ پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بوونی نییە.
بەگوێرەی زانست، راکێشان ھێزێکی بنەڕەتییە و بە بارستەی زەوییەوە بەستراوەتەوە، بۆیە ناکرێت بەم شێوەیە بۆ چەند چرکەیەک بوەستێت؛ چونکە بۆ نەمانی ھێزی راکێشان، دەبێت بارستەی زەوی بە تەواوی نەمێنێت و ئەوەش ئەستەمە.
سبەی چی روودەدات؟
سبەی 12ی ئاب چوار دیاردەی گەردوونی روودەدەن، بەڵام هیچیان بۆ بوونەوەرانی سەر زەوی مەترسیدار نین.
ئەو رووداوانە بریتین لە خۆرگیرانی تەواوەتی، بینینی 500 نەیزەک بە ئاسمانەوە، دیارنەمانی مانگ و ماراسۆنی هەسارەکان.
مانگ بەتەواویی بەری خۆر دەگرێت و رۆژی نیوەگۆی باکووری زەوی دەبێتە شەو. نزیکەی 500 نەیزەک و بەرد و تەپوتۆزی گەردوونی لە نزیکی زەوی دەردەکەون. مانگ بەنزیکەیی دیارنامێنێت لەبەرچاوی خەڵک، چونکە خۆر گیراوە و مانگیش رووە تاریکەکەی بە ئاراستەی زەوییە. هەسارەکانی زاوە (عەتارد)، ناهی (ڤینۆس)، بارام (مەریخ)، هورمز (ژوپیتێر)، کەیوان (زوحەل) و ئاهوورە (ئۆرانوس) لەسەر هێڵێک دەردەکەون.



