رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) دەڵێ، سیخوڕەکانی ئەو دەزگایە چەندین جار چوونەتە نێو وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆی ئێران، ئەوەش بە مەبەستی تێگەیشتنی باشتر لەو دامەزراوە ئەتۆمییە.
لە حوزەیرانی رابردوودا، ئیسرائیل جەنگێکی دژی ئێران راگەیاند، بە ئامانجی پەکخستنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییە بالیستییەکانی، کە بە گوتەی ئیسرائیل "هەڕەشە" بوون لەسەر مانەوەی وڵاتەکەی. لەو جەنگە 12 رۆژەییەدا، سوپای ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کورت بەشداری کرد و فڕۆکە پێشکەوتووەکانی بۆ بۆردوومانکردنی سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بەکارهێنا.
یۆسی کۆهین، کە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2021 سەرۆکی مۆساد بووە، رۆژی سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، لە کۆنفرانسێکدا لە وڵاتەکەی گوتی: "ئێمە چەندین جار لەنێو وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆدا گەڕاوین بۆ ئەوەی لە شوێنەکە تێبگەین." یۆسی کۆهین وردەکاریی زیاتری لەسەر ئەو بابەتە نەخستەڕوو.
کۆهین ئاماژەی بەوەش کرد کە "بۆردوومانکردنی ئەو شوێنە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە هاتنەدیی هەموو خەونەکانم بوو."
بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران مێژوویەکی درێژی لە ناکۆکی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا هەیە، هەروەها یەکێکە لەو هۆکارانەی تاوەکو ئێستا ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆکانیان نەگەیشتوونەتە ئەنجام. تاران هەمیشە ئەوەی رەتکردووەتەوە کە هەوڵی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بدات.
کۆهین کە کەسێکی نزیکە لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە سەردەمی سەرۆکایەتیکردنی مۆساددا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە رێککەوتنەکانی دروستکردنی پەیوەندییەکان (رێککەوتنی ئیبراهیمی) لەنێوان ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات، بەحرێن و مەغریب. هەروەها سوودانیش واژۆی لەسەر رێککەوتنەکە کرد، بەڵام دواتر ئەو وڵاتە چووە نێو جەنگی ناوخۆ و رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد.
یۆسی کۆهین بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە دەستی هەبووە لە کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 2020، بەڵام ئیسرائیل بە فەرمی لێدوانی لەسەر ئەو رووداوە نەداوە.
دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیکردنی مۆساد، کۆهین زوو زوو لە میدیاکانی ئیسرائیل دەردەکەوێ.

.avif&w=3840&q=75)

