رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رۆژی سێشەممە، 11-08-2026 رایانگەیاند، بەهۆی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە، لانیکەم 9 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کیێڤ هۆشداری دابوو کە مۆسکۆ ژمارەیەک مووشەکی نوێی بالیستی لە کۆریای باکوورەوە بەدەست گەیشتووە.
ماوەیەکە رووسیا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا زیاد کردووە، کیێڤیش بە درۆن هێرش دەکاتە سەر قووڵایی خاکی رووسیا. بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسە خۆجێییەکان، هێرشەکانی شەوی رابردوو هەریەکە لە کیێڤ، ژاپۆریژیا و دنیپرۆپێترۆڤسکیان گرتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان بە "چەکی زۆر ووردی زەوینی" کۆمەڵێک هێرشیان کردووە و کارگە سەربازییەکان و ناوەندەکانی لۆجستی و گواستنەوەیان لە شارەکانی کیێڤ و ژاپۆریژیا پێکاوە.
زیانەکان لە ژاپۆریژیا و دنیپرۆپێترۆڤسک
ئیڤان فێدرۆڤ، سەرۆکی کارگێڕی سەربازیی ناوچەی ژاپۆریژیا رایگەیاند، رووسیا هێرشێکی فراوانـی بە مووشەک و هەڵدانی بۆمب لە ئاسمانەوە کردووە. فێدرۆڤ لە تەلەگرام نووسیویەتی: "6 کەس کوژراون و 19ی دیکەش بریندار بوون."
سەرۆکی کارگێڕی سەربازی لە ناوچەی دنیپرۆپێترۆڤسکیش و ئۆلێکساندەر گانژا ئاشکرای کرد، هێرشی درۆن و تۆپخانەکانی رووسیا بۆ سەر 5 شارۆچکە، بووەتە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 5 کەسی دیکە.
کیێڤ لە ژێر هێرشی بالیستیدا
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، پایتەخت لە ژێر "هێرشی مووشەکی بالیستی"دایە. دەزگای فریاگوزاریی ئۆکرایناش ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی هێرشەکانەوە کۆگەیەک ئاگری گرتووە و لانیکەم کەسێک بریندار بووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، پێشتر رایگەیاندبوو کە رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی زیاتری کۆریای باکوور و مووشەکی بالیستی نوێشی لە پیۆنگیانگ وەرگرتووە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ئۆکراینا بەدەست کەمیی مووشەکی پاتریۆتەوە دەناڵێنێت، کە تاکە چەکێکە بتوانێت بەرپەرچی مووشەکە بالیستییەکان بداتەوە.
ئەم قەیرانە لەوەتەی مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە و دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران قووڵتر بووەتەوە؛ چونکە واشنتن بەشێکی زۆری کۆگەکانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی خۆی بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گواستووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئاسمانی ئۆکراینا بۆ رووسیا کراوەتر بێت.



.jpeg&w=3840&q=75)