رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێ، فڕینی درۆنێک بە ئاسمانی فڕۆکەخانەی هانۆڤەردا بووەهۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان.
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، گوتەبێژێکی پۆلیسی ناوخۆی ئەڵمانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە فڕینی درۆنێک لە ئاسمانی فڕۆکەخانەی (لانگنهاگن) لەلایەن بەشی ناوەندیی لێکۆڵینەوەی تاوان لە هانۆڤەر دەستیپێکردووە."
بەهۆی ئەو رووداوەوە رێڕەوەکانی فڕین لە فڕۆکەخانەکە، کە دەکەوێتە باکووری هانۆڤەر، بۆ 90 خولەک وەستان و پاشان گەشتەکان دەستیان پێکردەوە.
گوتەبێژێکی فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوە کرد، شەش گەشت کە بەرەو تورکیا، میسر، یۆنان و ئیسپانیا بوون، بۆ 15 تا 50 خولەک دواکەوتن؛ هەروەها فڕۆکەیەکی بارهەڵگر کە لە پاریسەوە دەچوو، ئاراستەکەی بەرەو فڕۆکەخانەی نورنبێرگ گۆڕدرا.
میدیای ئەڵمانیا دەڵێ، درۆنەکە بۆ نزیکەی دوو کاژێر بە ئاسمانی فڕۆکەخانەکەدا فڕیوە، بەبێ ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتداران یان کارمەندانی فڕۆکەخانەکەوە هەستی پێبکرێ.
میدیای ئەڵمانیا لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، ئەگەری "هێرشی تێکەڵاو" لە ئارادایە.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا زاراوەی "هێرشی تێکەڵاو" بۆ ئەو رووداوانە بەکاردەهێنن کە کاری تێکدەرانە، سیخوڕی و پڕوپاگەندە دەگرێتەوە، کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 زیاتر باسی دەکەن و زۆرجاریش رووسیا بە بەرپرسیار دەزاندرێ.
هەفتەی رابردوو لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا باری نائاسایی راگەیێندرا، ئەوەش دوای دۆزینەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئەنتۆنۆڤی ئۆکراینی کە پۆلیس بە رۆبۆت تەقەمەنییەکەی پووچەڵکردەوە.
ئۆلیکسی ماکیێڤ، باڵیۆزی ئۆکراینا لە ئەڵمانیا، پەنجەی تۆمەتی بۆ مۆسکۆ راکێشا و بە میدیاکانی گوتی: "کێی دیکە دەبێت جگە لە رووسیا؟" هاوکات لەو کاتەدا فڕۆکەیەکی بارهەڵگری کۆمپانیای (دی ئەیچ ئێڵ) لە ئاسماندا بەر تەنێکی نەناسراو کەوت و دواتر بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی هانۆڤەر نیشتەوە.
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، پۆلیس گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لەم کاتەدا "ئەستەمە" پەیوەندییەک لەنێوان رووداوەکەی هانۆڤەر و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکەی لایپزیگ بدۆزرێتەوە.
دوای رووداوەکەی لایپزیگ، ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هۆشداری دا لە "رەهەندێکی نوێی هەڕەشە" و ئەگەری روودانی "هێرشی تێکەڵاو"، بەبێ ئەوەی تۆمەت ئاراستەی هیچ لایەن یان وڵاتێکی دیاریکراو بکات.

.avif&w=3840&q=75)

