رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی سەرکردەیەکی پێشووی پەکەکەی بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە؛ دادوەرانی دادگاکە دەڵێن، سەرەڕای دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری، بەڵام هێشتا مەترسیی ئەشکەنجەدان بۆ ئەو کەسانە لە تورکیا لە ئارادایە.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، دادگای کارگێڕیی شاری گێڵزنکیرشنی ئەڵمانیا رایگەیاند، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی (شەمسەدین ئا.)ـی تەمەن 74 ساڵ، کە سەرکردەیەکی پێشووی پەکەکەیە، "بەهۆی خراپیی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا" هەڵوەشێندراوەتەوە.
دادگاکە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو کەسانەی بە 'بەشداری لە چالاکیی تیرۆریستی' تۆمەتبار دەکرێن، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا رووبەڕووی مەترسیی گەورەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە."
ئەم بڕیارەی دادگای ئەڵمانیا لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی تورکیا لە 10ـی ئابی 2026دا پرۆژەیاسایەکی بۆ چەکدانان و گونجاندنەوەی ئەندامانی پەکەکە پەسند کردووە، بەڵام دێرک شێفەرز، دادوەری دادگاکە جەختی کردەوە کە هێشتا روون نییە ئەم "پرۆسەی چاکسازییە" نوێیە دۆخەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەبات.
پێشتر فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا (BAMF) بەهۆی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بڕیاری دابوو ئەو سەرکردەیە دیپۆرت بکرێتەوە، بەڵام لە دادگا تانەی لە بڕیارەکە دا و سەرکەوتوو بوو. دادگا پشتڕاستی کردووەتەوە کە شەمسەدین وەک کادرێکی دێرین، پەیوەندییەکی بەهێزی بە پەکەکەوە هەبووە و پێشتر لە شەڕەکاندا بەشدار بووە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، حکومەتی تورکیا شەمسەدین بە کوشتنی شەش کەس تۆمەتبار دەکات. لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی (WAZ)ـی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە کە ئەو ئێستا باری تەندروستیی ناجێگیرە؛ تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و بەهۆی بڕینەوەی هەردوو قاچییەوە، کەمئەندامە.
پەکەکە لە ساڵی 1993ـەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاوە وەک پارتێکی قەدەخەکراو ناسێنراوە. هەرچەندە پەکەکە لە ئایاری 2026دا هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا پێشتر بۆ رووداو جەختی کردبووەوە کە قەدەخەی سەر ئەو پارتە هەڵناگرن.


