رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت، کە ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسداران هەیە. ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات، دوێنێ یەکشەممە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی وردەکاری ئەو گفتوگۆیەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆشکی سپی داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە قسە لەگەڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران بکات تاوەکو روون بێتەوە ئایا سوپای پاسداران پاڵپشتی لە پێشنیازەکانی تیمی دانوستاندنکاری ئێران دەکات یان نا. ئەمڕۆش هەمان بابەت بووە مژارێکی سەرەکی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
گفتوگۆ لەگەڵ سوپای پاسداران
ئەمڕۆ دووشەممە 17-8-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی وڵاتەکەی گوت، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، دەبێ ئەم گفتوگۆیانە بگەنە ئەنجامێک کە بە ویستی ئەمریکا بێت، بە جۆرێک کە ئێرانییەکان "ئاڵای سپیی خۆبەدەستەوەدان هەڵبکەن".
پاسداران گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2026، حوسێن موحبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند: "هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان بەرپرسانی سوپا و ئەمریکییەکاندا لە ئارادا نییە و ئەم درۆیەی ترەمپ، تەنیا خەیاڵێکە بەهۆی وەهم و کابووسەکانی سەرچاوەگرتوو لە شکستهێنان و دەستەوسانی لە جەنگدا تووشی بووە."
3-11-2026 هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی دیموکرات رەخنە لە سیاسەتی جەنگی ئێرانی ئیدارەی ترەمپ و کاریگەرییەکەی لەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکی دەگرن. دەکرێت جەنگەکەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندیی دیموکراتەکان هەبێت.
ترەمپ لەو بارەیەوە گوتی، هیچ کاتێكی دیاری نەکردووە بۆ ئەو "خۆبەدەستەوەدان"ەی ئێرانییەکان و رایگەیاند: "پەلەم نییە. هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس هیچ پەیوەندییەکی بە بیرکردنەوەی منەوە نییە".
رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە گفتوگۆکاندا
لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 16-8-2026 ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە: "لە نێوەڕاستی مانگی ئایاردا، دانوستاندنکارانی ئەمریکی کە هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئێران رێکبکەون بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی وڵاتەکەیان لەگەڵ تاران، رووبەڕووی کێشەیەک بوونەوە: نەیاندەزانی ئایا ئەو کەسانەی لەسەر مێزی دانوستاندنن بەناوی سوپای پاسدارانی بەهێزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە قسە دەکەن یان نا".
ئەکسیۆس دەڵێ: "هەر بۆیە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ شتێکی نائاساییان کرد- ئەوان دانوستاندنکارانی ئێرانیان پشتگوێ خست و راستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانەوە کرد. ئەو کەسەی بۆ ئەم کەناڵە نهێنییە دەستنیشانیان کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە عێراق، کە شتێکی هەبوو کەم کەسی دیکە هەیەتی: ئەویش متمانەی سەرکردایەتیی ئەمریکا و سوپای پاسداران بوو."
وەک ئەکسیۆس دەڵێ، لە دەوروبەری 10ـی ئایار، توڵسی گابارد کە ئەوکات بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی بوو، پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کرد.
بە گوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پەیوەندییەکە، گابارد بە نێچیرڤان بارزانی گوت کە ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە ئەو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پەیوەندیکردن بە جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە.
برێت مەکگۆرک، کە وەک راوێژکاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ چوار سەرۆکی ئەمریکا کاری کردووە، لەو بارەیەوە گوتی: "نێچیرڤان بارزانی چارەکارێکی واقیعبینانەی کێشەکانە. لە سەرانسەری ناوچەکەدا رێزی لێ دەگیرێ. نزیکەی هەموو کەسێک لە تاران و واشنتن دەناسێت. ئەو کەسێکە کە لە کاتی تەنگانەدا پەیوەندی پێوە دەکرێت."
سەرچاوەیەک بە ئەکسیۆسی گوتووە، گابارد بۆ نێچیرڤان بارزانی روونکردووەتەوە کە ئەو بە رەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی پێوە کردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، گابارد بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە، کۆشکی سپی دەیەوێ بزانێت ئایا وەحیدی و سەرکردایەتیی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەوە هاوڕان کە قالیباف و عێراقچی دانوستاندنیان لەسەری کردووە، یان بیرۆکە و داواکاریی دیکەیان هەیە.
گابارد باسی لەوەش کردبوو کە نێوەندگیرەکان ناتوانن بگەنە وەحیدی بۆ روونکردنەوەی ئەو بابەتە.
وەک ئەکسیۆس دەڵێ، نێچیرڤان بارزانی داواکارییەکەی گاباردی قبووڵ کرد و پەیوەندی بەو کەسانەوە کرد کە لە نێو سوپای پاسداراندا دەیانناسێت و پێیگوتن، پەیامێکی لە ئیدارەی ترەمپەوە پێیە.
بە گوتەی یەکێک لە سەرچاوەکان کە بۆ ئەکسیۆس قسەی کردووە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: " دەمەوێت راستەوخۆ لەگەڵ جەنەڕاڵ وەحیدی قسە بکەم."
ئێرانییەکان رازی بوون. لە 14ـی ئایار، بەرپرسێکی سوپای پاسداران گەیشتە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و مۆبایلێکی کۆدکراوی پێبوو بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پارێزراو و سەلامەت.
نێچیرڤان بارزانی لە وەحیدی پرسی کە ئایا ئەو لەگەڵ دانوستاندنکارانی ئێران هاوڕایە؟ جەنەڕاڵە ئێرانییەکە گوتی، بەڵێ هاوڕایە. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەحیدی گوتوویەتی: "من بەتەواوی پاڵپشتییان دەکەم و ئەمە هەڵوێستی سوپای پاسدارانیشە. ئێمە پێمان باشترە ئەم کێشەیە لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەین."
سێ سەرچاوە، لەنێویاندا بەرپرسێکی کۆشکی سپی، رایانگەیاند، راستەوخۆ دوای گفتوگۆکەی لەگەڵ وەحیدی، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە گاباردەوە کردووە و زانیاری پێداوە لەسەر وەڵامی ئێران. دواتریش گابارد زانیارییەکانی گەیاندووەتە کۆشکی سپی.
وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی پەیوەندییەکە
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 17-82026 لەبارەی ئەو بابەتە لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە تاران پرسیاری ئاراستە کرا.
ئیسماعیل بەقایی رەتی نەکردەوە ئەو پەیوەندییە نەکرابێ و بابەتەکەی بە ئاراستەیەکی دیکەدا برد و رایگەیاند: "لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا بە باشی ئەوە نیشان دراوە کە یەکدەنگی و هاوئاهەنگی لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە سەبارەت بە پرسی ئاشتی و شەڕ. سوپاس بۆ خودا، تیمی دانوستاندنکار جێگەی متمانەی تەواوی پایەکانی دەسەڵاتە، لەوانەش کەرتە بەرگرییەکانی وڵات".
میدیای ئێران پرسیارێکی دیکەی لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرد و گوتی: "هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە هەولێر بەڕێوەچووە. دەمەوێ لەم بارەیەوە روونکردنەوە بدەن". ئیسماعیل بەقایی لە وەڵامدا گوتی: "ئەوە هەواڵێکی هەڵبەستراوە".
ئەم پرسەش لە بابەتەکەی دوێنێی ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاوکرابووە، بەڵام ئەکسیۆس دەڵێ: "دوای وەرگرتنی وەڵامی ئێران (لە لایەن نێچیرڤان بارزانی)یەوە، ئیدارەی ترەمپ پێشنیازێکی دیکەی خستەڕوو، ئەمەش بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆ نهێنییەکان".
وەک ئەکسیۆس دەڵێ، ئەمریکا "ویستی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر میوانداریی گفتوگۆی نهێنی بکات لەنێوان گەورە دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران".
سەرچاوەکە دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە لەگەڵ ئێرانییەکان قسەی کرد و پەیامەکەی گەیاند. "ئێرانییەکان رەتیان نەکردەوە، بەڵام نیگەران بوون لە سەلامەتیی خۆیان".
ئەوان پێیانوابوو هەواڵگریی ئیسرائیل پێگەیەکی بەهێزی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و نیگەران بوون لەوەی ئیسرائیلییەکان هەوڵی تیرۆرکردنیان بدەن لە هەولێر، یان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ ئەوێ و گەڕانەوەیان.


