رووداو دیجیتاڵ
زانایان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی رووخساری پیاوێکیان دروستکردووەتەوە کە نزیکەی 315 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە باکووری ئەفریقا ژیاوە، ئەمەش دیمەنێک لەبارەی شێوەی رووخساری هەندێک لە کۆنترین ئەندامە ناسراوەکانی جۆرەکەمان (مرۆڤ) دەخاتەڕوو.
کەلـلەسەرە بەبەردبووەکە لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە جەبەل ئیغود لە مەغریب لە کاتی دەرهێنانی کانزادا دۆزراوەتەوە. لە سەرەتادا توێژەران پێیان وابوو پاشماوەکان سەر بە مرۆڤی نیاندەرتاڵن.
بەڵام شیکارییەکانی دواتر کە لە ساڵی 2017دا بڵاوکرانەوە، دەریانخست کە بەبەردبووەکان سەر بە هۆمۆ سەیپیێنس (مرۆڤی ژیر)ن و لە ریزی کۆنترین پاشماوە ناسراوەکانی جۆرەکەمان پۆلێن کران.
سوود لە داتای ئێستای خەڵکی ئەفریقا وەرگیراوە
سیسرۆ مۆرایس، شارەزای دروستکردنەوەی رووخسار لە پزیشکیی دادوەری، سەرپەرشتیی ئەم کارە نوێیەی کردووە. تیمەکەی پشتیان بە کەلـلەسەرێکی سێ دووریی دروستکراو بەستووە کە لەلایەن پەیمانگەی ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن لە ئەڵمانیا بەرهەمهێنراوە.
دواتر شانە نەرمەکان و تایبەتمەندییە توێکارییەکانی دیکە بە بەکارهێنانی داتای دانیشتووانی ئێستای ئەفریقا نەخشێنراون.
ئەو رووخسارەی بەرهەمهاتووە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاشنا دەردەکەوێت.
توێژەران دەڵێن پێدەچێت پیاوەکە تا رادەیەکی زۆر لە مرۆڤی سەردەم چووبێت، هەرچەندە چەند جیاوازییەکیشی هەبووە، لەوانە ناوچەوانێکی دەرپەڕیوتر، لووتێکی پانتر و هاتنەپێشەوەیەکی زیاتری رووخسار.
مۆرایس دەڵێت: "ئەگەر لە نێو ئاپۆڕایەکدا جلی سەردەمیانەی بپۆشیایە، پێدەچێت لە یەکەم نیگادا هەستی پێ نەکرایە."

دوو وەشان دروستکراون
دوو وەشانی دروستکردنەوەکە بەرهەمهێنراون. یەکێکیان رووخسارەکە بە رەساسی نیشان دەدات، کە سەرنج دەخاتە سەر توێکارییە بنەڕەتییەکان. ئەوەی دیکەیان دروستکردنەوەیەکی تەواو رەنگاوڕەنگە کە پێستێکی رەشماڵ، قژ و ریش لەخۆدەگرێت.
توێژەران جەختیان لەوە کردەوە کە کەلـلەسەرەکە ناتوانێت تایبەتمەندییەکانی وەک رەنگی پێست، قژ یان چاو ئاشکرا بکات. بۆیە ئەو تایبەتمەندییانە لەسەر بنەمای ئەوە دانراون کە بە خەسڵەتی گونجاو بۆ دانیشتووانی ئەوکاتی باکووری ئەفریقا دادەنرێن.
تیمەکە قەبارەی مێشکی پیاوەکەشیان بە نزیکەی 1,230 سانتیمەتر سێجا خەمڵاندووە، کە نزیکەی تەواو هاوشێوەی تێکڕای قەبارەی مێشکی پیاوی سەردەمە کە نزیکەی 1,234 سانتیمەتر سێجایە.
ئەم دۆزینەوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە لەوانەیە قەبارەی مێشک لە ماوەی 300 هەزار ساڵی رابردوودا گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا هاتبێت، هەرچەندە قەبارەی مێشک بە تەنیا ئاماژە نییە بۆ چۆنیەتیی کارکردنی مێشک.
زانایان دەڵێن، هێشتا دڵنیایی نییە لەسەر ئەوەی کە شانە نەرمەکان و ماسولکەکانی پیاوەکە بە تەواوی چۆن رێکخراون. هیچ پاشماوەیەکی شانەی نەرمی هۆمۆ سەیپیێنسەکانی ئەو سەردەمە نەدۆزراوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران پێیان وایە شێوەی کەلـلەسەرەکە سنوورێکی بەرچاوی بۆ شێوازی رێکخستنی پێشبینیکراوی شانەکانی رووخسار داناوە.
لە جەبەل ئیغود 22 بەبەردبووی مرۆڤ دۆزراونەتەوە
لە شوێنەواری جەبەل ئیغود 22 ئێسکی بەبەردبووی مرۆڤ دۆزراونەتەوە، کە نوێنەرایەتیی لایەنی کەم پێنج کەسی هۆمۆ سەیپیێنس دەکەن؛ سێ پێگەیشتوو، مێرمنداڵێک و منداڵێک.
هەروەها شوێنەوارناسان ئامرازی بەردین و شوێنەواری ئاگریان لەو شوێنەدا دۆزیوەتەوە. ئەو ئێسکە ئاژەڵانەی کە جێگەی سەربڕینیان پێوەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو گرووپە راوی ئاژەڵەکانیان کردووە یان گۆشتەکەیان ئامادە کردووە، لەوانە گای کێوی، ئاسک و کەرەکێوی، لەگەڵ هێلکەی وشترمر.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری (Heritage) بڵاوکراوەتەوە.
دروستکردنەوەکە بیرخستنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوەی کە خەڵکێک بە رووخسارێکی مرۆڤانەی ناسراوەوە، دەیان هەزار ساڵ پێش ئەوەی هۆمۆ سەیپیێنس دەست بە بڵاوبوونەوە بە سەرانسەری جیهاندا بکات، لە ئەفریقا ژیاون.


