رووداو دیجیتاڵ
لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، سەرۆکی ئەمریکا شەپۆلی ناڕەزایەتیی ناوەندەکانی خوێندنی فەرەنسای بە پرسی کۆچبەری و هەژموونی موسڵمانانەوە بەستەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "ئەوەی لە فەرەنسا روودەدات، هیچی کەمتر نییە لە کۆچی بەکۆمەڵی لەدەستدەرچوو. ئەمە پەیوەندی بە قوتابخانەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئیسلام دەیەوێ وڵاتێک کە پێشتر مەزن بوو، کۆنترۆڵ بکات!"
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە فەرەنسا بە دەست قەیرانێکی کارگێڕی و داراییەوە دەناڵێنێت. لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 1500 قوتابخانەی ئامادەیی و دەیان فاکەڵتیی زانکۆ لە شارە گەورەکانی وەک پاریس، مارسیلیا و لیۆن بەهۆی مانگرتن و ناڕەزایی قوتابیان و مامۆستایانەوە وەستاون.
لە چەندین ناوچەش لە کاتی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان بۆ کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، گرژی و پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران دروستبووە.
هۆکاری سەرەکیی مانگرتنەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی تەرخانکردنی دارایی حکومەت لە پڕۆژەیاسای بودجە، قەرەباڵخیی نێو پۆلەکان بە جۆرێک کە لە هەندێک پۆلدا زیاتر لە 35 قوتابی دەخوێنن، لەگەڵ خراپی باڵەخانەی قوتابخانەکان و نەبوونی سیستمی فێنککەرەوە و گەرمکەرەوە.



