رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سلۆڤاکی لە پەرلەمانی ئەورووپا هێرشێکی تووندی کردە سەر سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بە "دووڕوویی" تۆمەتباری کردن؛ رایدەگەیێنێت یەکێتییەکە چاو لە پێشێلکارییەکانی هاوپەیمانەکانی دادەپۆشێت و تەنیا رەخنە لە رووسیا دەگرێت.
لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئەورووپادا لە شاری ستراسبۆرگ، لوبۆش بلاها، پەرلەمانتاری ئەورووپا لە فراکسیۆنی (سمێر)ـی دەسەڵاتداری سلۆڤاکیا، رووی دەمی کردە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و ئۆرسۆلا ڤۆن دەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و رەخنەی لە پێوەرەکانی یەکێتییەکە گرت لە پرسی دیموکراسیدا.
بلاها لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا رەخنە لە هەڵبژاردنەکانی رووسیا دەگرێت لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی لە ئۆکراینا بەبێ هەڵبژاردن بەردەوامە لە دەسەڵات و گوتی: "ئێوە رەخنە لە رووسەکان دەگرن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لاتان ئاساییە زێلینسکی بۆ سێیەمین ساڵ بەبێ هیچ هەڵبژاردنێک حوکمڕانی دەکات. ئێوە دووڕوون! رەخنەیان لێدەگرن چونکە هەڵبژاردنەکەیان دادپەروەرانە نەبووە، بەڵام لاتان گرنگ نییە کە لە رۆمانیا هەڵبژاردن هەڵوەشێندرایەوە تەنیا لەبەر ئەوەی بەربژێری نادڵخوازی ئێوە بردییەوە."
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداری دا لە سنووردارکردنی دەنگی ئاشتیخوازان لە نێوخۆی ئەورووپادا و گوتی: "ئایا ئەمەیە دیموکراسییەکەتان؟ خاتوو کالاس، ئایا 'یۆرۆ-گێستاپۆ' دادەمەزرێنن و هەموو ئەوانەمان زیندانی دەکەن کە خوازیاری ئاشتین؟ ئێوە بە پێچەوانەی پوتین، پاڵپشتیی گەلەکانتان لەدەستداوە و تەنیا بەرەو شەڕ و تۆتالیتاریزممان دەبەن."
یەکێتیی ئەورووپا رەخنەی تووندی لە هەڵبژاردنەکانی دۆمای دەوڵەتی رووسیا گرتووە و بە "سەرکوتکارانە و نادادپەروەرانە" وەسفی کردووە، بەتایبەت کە بەبێ چاودێرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچووە و دەنگدان لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی ئۆکرایناش کراوە.
بلاها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دۆسیەی دەستگیرکردنی چالاکڤانان لە ئەستۆنیا کە سزای زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە؛ هەرچەندە دادگاکانی ئیستۆنیا رایدەگەیێنن ئەو سزایانە بەهۆی سیخوڕیکردن بووە بۆ بەرژەوەندیی مۆسکۆ نەک دژایەتیکردنی شەڕ.
.jpg&w=3840&q=75)


