رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند، کە تێیدا رێژەی بەشداری لە چەندین دەیەی رابردوودا بەرزترین ئاستی تۆمار کرد و گەیشتە 77.9٪، لە کاتێکدا بەرەی بنیامین نەتەنیاهوو پاشەکشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و هیچ کام لە دوو بەرە سەرەکییەکە نەیانتوانی زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت مسۆگەر بکەن.
دابەشبوونی 120 کورسییەکەی کنێسێت
بەپێی ئاماری فەرمیی کۆمیسیۆن، پێنج ملیۆن و 716 هەزار و 665 دەنگدەر بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کردووە، کورسیی پارتەکانیش بەمشێوەیە بەسەر پەرلەماندا دابەش بوون:
لیکوود: 27 کورسی
یاشار: 21 کورسی
بیاخاد: 12 کورسی
لیستی هاوبەش: 11 کورسی
دیموکراتەکان: 8 کورسی
رەعەم: 8 کورسی
یسرائیل بەیتەنوو: 7 کورسی
یەهوودییەتی یەکگرتووی تەورات: 7 کورسی
عۆتزمە یەهوودیت: 7 کورسی
شاس: 6 کورسی
زایۆنیزمی ئایینی: 6 کورسی
پاشەکشەی بەرەی دەسەڵات و سەرکەوتنی مێژوویی عەرەبەکان
بەپێی ئەم ئەنجامانە، بەرەکەی نەتەنیاهوو بە بەدەستهێنانی 53 کورسی تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بووە، بەوپێیەی لە خولی پێشووی پەرلەماندا خاوەنی 68 کورسی بوو. لە بەرامبەردا بەرەی دژە نەتەنیاهوو 48 کورسی بەدەستهێناوە و پارتە عەرەبییەکانیش (لیستی هاوبەش و رەعەم) بە بەدەستهێنانی 19 کورسی، سەرکەوتنێکی مێژوویی بێوێنەیان تۆمار کرد کە نزیکەی دوو هێندەی کورسییەکانی پێشوویانە.
بە کورسیی پارتە عەرەبییەکان، بەرەی دژە نەتەنیاهوو دەتوانێت بە ئاسانی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام زۆربەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن رازی نین هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەبەکان بکەن.
رەتکردنەوەی گومانی ساختەکاری و هۆشداریی سەرۆکی ئیسرائیل
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسیان لە ساختەکاریی بەرفراوان یان هەڵمەتێکی قەتەری بۆ دەستوەردان لە دەنگدان دەکرد. دین لیڤنی، بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەتی کۆمیسیۆن لەو بارەیەوە گوتی، "ئەو راپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە بە تەواوی بێبنەمان و لێکۆڵینەوەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان نابێت."
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجامە فەرمییەکان رادەستی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بکرێن و دوابەدوای ئەوە لەگەڵ سەرکردەی پارتەکان کۆببێتەوە بۆ وەرگرتنی پێشنیازەکانیان لەبارەی دیاریکردنی کەسی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
هێرزۆگ هۆشداریی دا بە پارتە سیاسییەکان و داوای لێکردن بە "مێشکێکی کراوەوە" دانوستاندن بکەن بۆ ئەوەی وڵات تووشی گەڕێکی دیکەی هەڵبژاردن نەبێتەوە، لە کاتێکدا هەریەک لە نەتەنیاهوو و ئایزەنکۆت پێداگری دەکەن کە ئەوان دەبنە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو.
پەرلەمانی نوێی ئیسرائیل لە 10ـی تشرینی دووەم سوێندی یاسایی دەخوات، بەڵام پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت زۆر ئاڵۆز بن و زیاتر لە دوو مانگ بخایەنن، لە کاتێکدا هیچ بەرەیەک نزیک نییە لە زۆرینەی پێویست کە 61 کورسییە.

