رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی 31ـەمین لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) لە شاری ئەنتالیای تورکیا، زنجیرەیەک دیداری باڵای دیپلۆماسی و ئەمنیی کرد؛ لە دیارترینیاندا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دۆخی کورد و دەستووری نوێی ئەو وڵاتەی تاوتوێ کرد و داوای لێ کرد سەردانی هەولێر و بەغدا بکات.
مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریا کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەش تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان کردەوە.
دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە بوو؛ نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی کورد و دەستەبەرکردنیان لە دەستووری نوێی سووریادا کردەوە، هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست سەرۆک شەرع لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بەغدا و هەولێر بکات.
کۆبوونەوە لەگەڵ گۆتێرێس و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا
هەر لە ئەنتالیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرانە بەر باس و هەردوولا داوای پاراستنی سەقامگیرییان کرد.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بوارەکانی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە پاڵ هاوسەنگیی ئەمنیی ناوچەکە تاوتوێ کران.
دیداری ئەمنی؛ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت
تەوەرێکی دیکەی کارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنتالیا، تیشکخستن بوو بۆ سەر هاوکێشە ئەمنییەکان؛ لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە و هاریکاریی هاوبەشی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەکان تاوتوێ کرا.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنیی سێقۆڵیی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر کردەوە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.



