رووداو دیجیتاڵ
جینسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەورە کۆمپانیای ئینڤیدیا کە ئێستا بەهۆی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ژنێک کە هەواڵگریی ئەمریکا بە سیخوڕی چین ناوی دەبات، لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بەپێی گێڕانەوەی پێنج کارمەندی پێشووی کۆمپانیاکە، پەیوەندییەکی سۆزداریی دەرەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ یەکێک لە بەڕێوەبەرە باڵاکانی ژێردەستی خۆیشیدا هەبووە.
ئەم پەیوەندییە کە پێشتر میدیاکان باسیان نەکردبوو، لەگەڵ کیمبەرلی پاوڵ، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئینڤیدیا بۆ کەرتی تەندروستی بووە. بەپێی رێساکانی رەفتاری پیشەیی ئینڤیدیا، داوا لە کارمەندان دەکرێت لە هەر دۆخێک خۆیان بەدوور بگرن کە (ناکۆکیی بەرژەوەندییەکان) دروست دەکات، لەنێویاندا پەیوەندییە کەسییەکان؛ هاوکات لە زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکادا، یاسای تووند هەیە دژی دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداری لەنێوان بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی ژێردەستیان.
بە گوتەی دوو سەرچاوە، هوانگی تەمەن 63 ساڵ و پاوڵی تەمەن 48 ساڵ، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا لە میانی کۆنفرانسێکی ئینڤیدیا لە شاری سان خۆسێ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، لە نێو هۆتێلێکدا گرتەی ڤیدیۆییان لە کاتی دەربڕینی سۆز بۆ یەکدی تۆمارکراوە. جێگەی ئاماژەیە هەردووکیان هاوسەردارن.
سێ کەسی ئاگادار لە رووداوەکە ئاشکرایان کردووە کە کەسێک لە نێو هۆتێلەکە بە مۆبایلەکەی گرتەی ڤیدیۆیی ئەو دوو بەرپرسەی تۆمارکردووە، بەڵام تیمە ئەمنییەکەی هوانگ کەسەکەیان بینیوە و بردوویانەتە شوێنێکی جیاواز و داوایان لێکردووە رێککەوتننامەی پاراستنی نهێنی (NDA) واژۆ بکات بۆ ئەوەی گرتەکە بڵاونەبێتەوە.
هوانگ، کە لە ساڵی 1993ـەوە هاودامەزرێنەری ئینڤیدیایە و کۆمپانیاکەی کردووەتە گەورەترین دابینکەری چیپەکانی ژیریی دەستکرد لە جیهاندا، لەژێر وردبینییەکی چڕ و بێوێنەی بازاڕ و حکومەتدایە. مانگی رابردوو نیویۆرک تایمز رایگەیاند، ژنە بازرگانێکی چینی بە ناوی ئالیس هوانگ، کە هوانگ پەیوەندیی لەگەڵیدا هەبووە، لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە وەک کارمەندی دەزگای هەواڵگریی چین ناسێنراوە.
دوای ئەوەی هوانگ دانی بەو پەیوەندییەدا نا، ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئینڤیدیا لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی لە رێگەی کۆمپانیای یاسایی ناسراوی (Wachtell, Lipton, Rosen & Katz) دەستپێکرد، هاوکات سەرکردە کۆمارییەکانی سێ لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش داوایان لە هوانگ کردووە بۆ پێشکەشکردنی روونکردنەوە لە دانیشتنێکی داخراودا ئامادە بێت. چین تۆمەتەکانی سیخوڕیکردنی رەتکردووەتەوە و ئالیس هوانگیش هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە کاتێک لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە هوانگەوە کرا و لەبارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کیمبەرلی پاوڵ پرسیاری لێکرا، گوتی، "پێموانییە پێویست بکات راستەوخۆ قسە لەگەڵ مندا بکەن،" و دەستبەجێ پەیوەندییەکەی داخستەوە. کۆمپانیای ئینڤیدیا و کیمبەرلی پاوڵ ئامادەنەبوون لێدوان بدەن و پشکەکانی کۆمپانیاکەش لە مامەڵەکانی دوای داخستنی بۆرسەدا نزیکەی 8% داڕمان.
کیمبەرلی پاوڵ لە ساڵی 2008ـەوە پەیوەندیی بە ئینڤیدیاوە کردووە و سەرپەرشتیی پڕۆژەکانی بەکارهێنانی چیپی ژیریی دەستکرد لە کەرتی تەندروستی و وێنەگرتنی پزیشکیدا دەکات. لە ساڵی 2017 کراوەتە جێگری سەرۆکی کۆمپانیا بۆ کەرتی تەندروستی و بەردەوام وەک نوێنەری کۆمپانیا لە کۆنفرانسە تەکنەلۆژییە نێودەوڵەتییەکاندا وتار پێشکەش دەکات.
هوانگ لە مێژووی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکادا دەچێتە ریزی ئەو بەڕێوەبەرە باڵایانەی بەهۆی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کارمەندانی ژێردەستیان تووشی کێشە بوون؛ لەوانە برایان کرزانیچ کە لە ساڵی 2018 دوای ئاشکرابوونی پەیوەندیی لەگەڵ کارمەندێک دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئینتێڵ کێشایەوە و لە ساڵی 2019شدا کۆمپانیای ماکدۆناڵدز ستیڤ ئیستەربرووک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەی بەهۆی هەمان سەرپێچی لە کارەکەی دوورخستەوە.




