رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە باس لە ناردنی 15 هەزار سەربازی تورکیا بۆ سۆماڵ دەکەن، دوورن لە راستییەوە و دەشڵێت، هێزەکانیان لەو وڵاتە بەردەوامن لە چالاکییەکانیان لە بواری هاریکاریی سەربازی، راهێنان و راوێژکاریدا.
ئەمرۆ پێنجشەممە 12-11-2026 زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی وەزارەتەکەی لە ئیستەنبووڵ باسی لە چالاکییەکانی وەزارەتەکەی کرد و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە 15 هەزار سەربازی تورکیا رەوانەی سۆماڵ دەکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، "هێزی ئەرکداری سۆماڵ - تورکیا و فەرماندەیی یەکەی ئاسمانیمان کە لە سۆماڵ جێگیرن، لە رێگەی چالاکییەکانی هاریکاریی سەربازی، راهێنان و راوێژکارییەوە، بەردەوامن لە بەشداریکردن لە پەرەپێدانی توانای سۆماڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ئەو بانگەشانەی کە گوایە لەسەر داوای سۆماڵ، تورکیا 15 هەزار سەرباز رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات، دوورن لە راستییەوە."
چالاکییەکانی راهێنانی سەربازیی تورکیا لە سۆماڵ، لە 30ی ئەیلوولی 2017 لە سەربازگەی "ئەنادۆڵ" لە مۆگادیشۆ دەستیپێکرد، کە کۆلێژی جەنگ، ئەکادیمیای سەربازی و ناوەندی راهێنانی یەکەکانی لەخۆگرتبوو.
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هێزی ئەرکداری تورکیا لە سۆماڵ، بریتییە لە پێشکێشکردنی پاڵپشتی بۆ پەرەپێدانی رێکخستن، راهێنان، ژێرخانی سەربازی و سیستەمی لۆجستیی هێزە چەکدارەکانی سۆماڵ.
پەرلەمانی تورکیا لە 21ی تەممووزی 2026، بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتیی پەسەند کرد کە ماوەی مانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیای لە سۆماڵ بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکردەوە.
بەپێی بڕیارنامەکە، دیاریکردنی چوارچێوە، ژمارە و کاتی ناردنی هێزەکان بە سەرۆککۆمار سپێردراوە.




