رووداو دیجیتاڵ
نێردە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گەیشتنە مۆسکۆ، ئەمەش دوای تەواوبوونی دوو رۆژ لە گفتوگۆی چڕ لە شاری ئەبووزەبی لەبارەی جەنگی ئۆکراینا، لە کاتێکدا هەریەکە لە واشنتن و کیێڤ ئاماژە بە هەبوونی "دەرفەتێکی لەبار" دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە گەورەترین ململانێی سەربازیی ئەورووپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە.
شاندەکەی ئەمریکا کە لە جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، بازرگان و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پێکهاتووە، لە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ لە مۆسکۆ لەلایەن کیریل دمیتریێڤ، نوێنەری تایبەتی پووتینەوە پێشوازییان لێکرا. کوشنەر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ پووتین تاوتوێی ئەو خاڵانە دەکەن کە لە دانوستاندنەکانی ئەبووزەبیدا هاتوونەتە ئاراوە و گوتی: "دەمانەوێت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین، چونکە دەرفەت و دەرگای باش بۆ رێککەوتن دەبینین."
بڕیاریشە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پووتین، نێردەکانی ئەمریکا راستەوخۆ بچنە شاری دەبلنی پایتەختی ئایرلاند بۆ ئەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببنەوە کە لەوێ بەشداری لە لوتکەی سەرکردەکانی ئەورووپادا دەکات.
زیلینسکی: هیوایەک بە کۆتاییهاتنی جەنگ هەیە
زیلینسکی لە دەبلنەوە رایگەیاند، دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی پێش ساڵی 2027 کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت و گوتی: "گرنگ ئەوەیە ئەمریکییەکان بە پێشنیازی ورد و دیاریکراوەوە چوونەتە لای پووتین، منیش زۆر پێمباشە بە وەڵامی روون و دیاریکراوەوە بگەڕێنەوە دەبلن؛ راستە من هێشتا بە گومانم لە رووسیا، بەڵام ئومێد هەیە." سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها پێشوازیی لە گۆڕانی هەڵوێستی واشنتن کرد بۆ بەشداریپێکردنی وڵاتانی ئەورووپا لە دانوستاندنەکاندا.
بە گوتەی کوشنەر، لە دانیشتنەکانی ئەبووزەبیدا هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر "گەورەترین" ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مێژووی جەنگەکەدا. زیلینسکی لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد کە چاوەڕوانی وەڵامی مۆسکۆن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی "هەزار دیل بەرامبەر هەزار دیل، یان رەنگە بگاتە هەزار و 200 دیل بۆ هەر لایەک."
رووسیا داوای "یەڵتای نوێ" دەکات
سەرەڕای بەردەوامیی دانوستاندنەکان، رووسیا گومانی لە بەشداریکردنی وڵاتانی ئەورووپا دەربڕیوە. ڤلادیمیر مێدینسکی، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری رووسیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێکی کردەیی ئاشتییان لە ئەورووپییەکانەوە پێ نەگەیشتووە.
مێدینسکی دواتر لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی رووسیا ئاشکرای کرد کە ئامانجی مۆسکۆ گەیشتنە بە رێککەوتنێکی "یەڵتای نوێ و مۆدێرن"؛ بە ئاماژەدان بە کۆنفرانسی مێژوویی یەڵتا لە ساڵی 1945 کە تێیدا سەرکردەکانی رۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤیەت خاکی ئەورووپایان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد؛ پڕۆژەیەک کە ئۆکراینا بە توندی دژایەتیی دەکات و هۆشداریی لێدەدات.
لە پێنجەمین ساڵی ئەم جەنگەدا، مۆسکۆ داوا دەکات کیێڤ لە تەواوی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بکشێتەوە و هاوپەیمانیی ناتۆ لە سنوورەکانی پاشەکشە بکات، لە کاتێکدا کیێڤ پێداگری دەکات کە دەبێت سەرەتا ئاگربەست رابگەیێندرێت و زیلینسکی و پووتین راستەوخۆ کۆببنەوە، کە تاوەکو ئێستا پووتین ئامادە نییە بە تەنیا لەگەڵ زیلینسکی دابنیشێت. کوشنەریش لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە هەرچەندە خاڵی ناکۆک زۆرن، بەڵام دانیشتنەکانی ئەبووزەبی هەنگاوێکی سەرەتایی باش بوون.



