رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ریم ئالابالی رادۆڤان، وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی فیدراڵیی ئەڵمانیا و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان زۆر بە بایەخەوە لە دۆستایەتی و هاوبەشیی بەرلین دەڕوانێت و چاوی لە فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە.
رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە ریم ئالابالى رادۆڤان، وەزیری هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی فیدراڵیی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی بەرلین لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە و دەڵێ: "سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆمم دەربڕی بۆ پشتیوانیی لەمێژینەی ئەڵمانیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی بەردەوامی بە سەقامگیری و پێشکەوتنی ئێمە."
سەبارەت بە مژارەکانی کۆبوونەوەکەیشیان، نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە کە "گفتوگۆمان لەبارەی رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و بوارەکانی دیکەی جێی بایەخی هەردوولامان کرد. ئێمە زۆر بە بایەخەوە دەڕوانینە دۆستایەتی و هاوبەشیی ئەڵمانیا و چاومان لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانمانە."
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری فیدراڵیی ئەڵمانیا رۆژی سێشەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەڵمانیا، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە شاندەکەی رادۆڤاندا بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، برەودان بە هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابووری، وەبەرهێنان و بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "رادۆڤان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی پشتیوانی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان و سەقامگیریدا دووپات کردەوە".
هاوکات تاوتوێکردنی دۆخی کوردی ئێزدی لە دەڤەری شنگال و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، بەشێکی دیکەی دیدارەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و شاندی باڵای ئەڵمانیا بوو.


