رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی رووسیا لە جۆری ئەنتۆنۆڤ 12 لە ناوچەی کێمێرۆڤۆ لە باشووری رۆژئاوای سایبیریا کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە کە 17 کەس بوون، گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، لە دووریی تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (ئەلێکسی لیۆنۆڤ)ـی شاری کێمێرۆڤۆ روویدا، ئەوەش لە کاتێکدا فڕۆکەکە هەوڵی نیشتنەوەی ناچاری دەدا.
بەپێی میدیای رووسیا، فڕۆکەکە لە شاری نۆڤۆسیبیرسکەوە بەرەو شاری کانسک لە هەرێمی کراسنۆیارسک دەفڕی و پارچەی یەدەگی سەربازیی دەگواستەوە.
شایەتحاڵان و کەناڵە رووسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوای ئەوەی تیمی فڕۆکەوانییەکە رووبەڕووی کێشەیەکی تەکنیکی بوونەتەوە و نیشانەی فریاکەوتنیان ناردووە، فڕۆکەکە لە ئاسماندا گڕی گرتووە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی رووسیا بڵاویکردەوە، تیمی فڕۆکەوانییەکە تاوەکو دوایین سات هەوڵیان داوە فڕۆکە گڕگرتووەکە لە باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان دووربخەنەوە، پێش ئەوەی بکەوێتە خوارەوە.
ئیلیا سێرێدیوک، حاکمی هەرێمی کێمێرۆڤۆ نزیک کاژێر 9:30ـی شەو بە کاتی ناوخۆی هەرێمەکە (5:30ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر) هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، تیمە پزیشکییەکان، پۆلیس، فریاگوزاری و هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لە شوێنەکە بڵاوەیان پێکراوە.
فڕۆکەی ئەنتۆنۆڤ 12 فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی چوار بزوێنەری سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتە کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا پەرەی پێدراوە و هێشتا بڕبڕەی پشتی گواستنەوەی سەرباز و کەرەستە قورسەکانی سوپای رووسیایە.


