رووداو دیجیتاڵ لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کۆمیسیۆنی راستی بۆ ئێزدییەکان بۆ وەرگرتنی شایەتحاڵیی رزگاربووانی شنگال دەستی بە کارەکانی کرد. کۆمیسیۆنەکە لە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا و بەریتانیا پێکدێت، تێیدا رزگاربووان زانیاریی هەستیاریان لەسەر ئەبوبەکر بەغدادی و سەرکردە باڵاکانی سووریا خستووەتەڕوو. لەنێو باڵەخانەیەکی فەرمی لە بەرلین کە لەبەر هۆکاری ئەمنی ناونیشانەکەی ئاشکرا نەکراوە، کۆمیسیۆنی راستی بۆ ئێزدییەکان دەستی بە وەرگرتنی شایەتحاڵییەکان کردووە و کارەکانی تاوەکو ئێوارەی 18ـی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت. لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا، ژنێکی رزگاربووی شنگال لەبەردەم ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە دانیشتووە و چیرۆکە خوێناوی و بەئازارەکان دەگێڕێتەوە. پرۆفیسۆر ئاڵدۆ زامید بۆردا لە زانکۆی سیتیی لەندەن، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە پڕۆژەیەکی توێژینەوەی ئەکادیمییە و لەلایەن سندووقی توێژینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەریتانیاوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت. ئەو دەڵێت: «لەم رووەوە، جیاوازە لە دەستپێشخەرییەکانی دیکە کە رەنگە لەلایەن دەوڵەتانەوە پاڵپشتی کرابن؛ سێ دامەزراوەی ئەکادیمیی سەرەکی تێیدا بەشدارن کە بریتین لە زانکۆی سیتی سانت جۆرجزی لەندەن، زانکۆی مانچستەر و پەیمانگەی توێژینەوەی گیگا لێرە لە ئەڵمانیا». بۆ ئەو باوەڕبەخۆبوونەی رزگاربووان لە کاتی گێڕانەوەی رووداوەکاندا، ئۆلێکساندرا ماتڤیچوک، پارێزەری مافی مرۆڤ و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی 2022، رێزێکی تایبەتی نیشان داوە. ئەو دەڵێت: «ئەو رادەیە لە شەڕەنگێزی و خراپەکارییەی ئەوان ئەزموونیان کردووە باوەڕپێنەکراوە؛ بۆیە ئازایەتی و بەهێزیی ئەو کەسانەی کە بڕیاریانداوە باسی ئەزموونی خۆیان بکەن، شایستەی ستایش و رێزە». بە گوتەی دکتۆر لەیلا فەرمان، ئەندامی کۆمیسیۆنی راستی بۆ ئێزدییەکان و پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوەی جیهانی و هەرێمییەکان، ئەو کەسانەی بانگهێشت کراون بەپێی رێبازێکی زانستی بۆ وەرگرتنی شایەتحاڵییەکان وەردەگیرێن. ئەو رزگاربووانەی دەچنە بەردەم کۆمیسیۆنەکە، هەر یەکێکیان ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانیان لەدەستداوە. لە کاتی پێدانی شایەتحاڵییەکانیاندا، هەندێک لە رزگاربووان زانیاریی زۆر هەستیاریان لەبارەی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشووی داعش، و هەروەها سەرکردە و کەسایەتییە پلەبەرزەکانی ئێستای نێو سووریا بە کۆمیسیۆنەکە داوە.