رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی ئیسرائیل سەرۆکێکی نوێیان بۆ پەرلەمان (کنێست) لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر هەڵبژارد.
رۆژی سێشەممە 17-11-2026، لە کۆی 120 پەرلەمانتاری کنێست، 66 پەرلەمانتار دەنگیان بە مەتان کاهانا، هاوپەیمانی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل دا، کە تاوەکو مانگی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و جێگرتنەوەی نەتەنیاهوو مۆڵەتی هەیە. لە بەرامبەردا ئۆفیر کاتز، بەربژێری پارتی لیکودی نەتەنیاهوو تەنیا 52 دەنگی بەدەستهێنا.
پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە ئیسرائیل پێگەیەکی گرنگە، چونکە خشتەی کارەکانی پەرلەمان دیاری دەکات و دەتوانێت گفتوگۆ و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکان خێرا بکات یان دوای بخات.
چاوەڕوان دەکرێت کاهانای تەمەن 54 ساڵ کە پێشتر سەربازی هێزە تایبەتەکان بووە، هەر لە رۆژی چوارشەممەوە دەست بە هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی زۆری ئەجێنداکانی نەتەنیاهوو بکات.
لە هەڵبژاردنی 27ـی تشرینی یەکەمی رابردوودا، هیچ کام لە بەرەکانی ئایزنکۆت و نەتەنیاهوو نەیانتوانی زۆرینەی 120 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستبهێنن؛ بەرە فراوانەکەی ئایزنکۆت 48 کورسی و بەرەکەی نەتەنیاهوو 53 کورسییان بردەوە، هاوکات دوو لیستی زۆرینە عەرەب بەهۆی تووڕەییان لە حکومەتە راستڕۆ تووندڕۆکەی نەتەنیاهوو، توانییان 19 کورسی بەدەستبهێنن کە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو.
رۆژی سێشەممە هەردوو لیستە عەرەبییەکە دەنگیان بە کاهانا دا و تەنیا یەک پەرلەمانتاری عەرەب ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو.
کاهانا راستەوخۆ دوای دەنگدانەکە لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا گوتی: "بەنیازم ببمە سەرۆکی کنێست بۆ هەمووان، بەبێ گوێدانە رەگەز، ئایین یان نەژاد."
ئایزنکۆت پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لێکرد و لە ئێکس نووسی: "قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات." لە بەرامبەردا پارتی لیکود لە هەمان پلاتفۆرم هەڵبژاردنی سەرۆکێکی پەرلەمانی بە دەنگی پەرلەمانتارە عەرەبەکان بە "شەرمەزارییەکی هەمیشەیی" لەقەڵەمدا.
شکستی گفتوگۆکانی حکومەتی یەکڕیزی و تۆمەتی ساختەکاری
رۆژی یەکشەممە پارتەکانی نەتەنیاهوو و ئایزنکۆت بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕیزی کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە شێوەیەکی فەرمی هەبوو، چونکە هەردوولا پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت خۆیان سەرۆکوەزیران بن.
نەتەنیاهوو، کە بەگوێرەی راپۆرتەکان هانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای داوە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران، باسی لە هەڕەشەکانی تاران کردبوو وەک پاساوێک بۆ پێویستیی پێکهێنانی حکومەتی یەکڕیزی.
بەڵام ئایزنکۆت رایگەیاند، نەتەنیاهوو شایستەی ئەوە نییە "تەنانەت یەک خولەکی دیکەش لە لووتکەی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە،" ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی میدیایی کە ئاشکرای کردبوو هاوپەیمانەکانی نەتەنیاهوو هەوڵیانداوە تۆمەتی ساختەکاری هەڵببەستن بۆ تێوەگلاندنی پەرلەمانتارانی کەمینەی عەرەب.
رۆژی سێشەممە لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای هەواڵگریی شین بێت لەو تۆمەتانە گوتی: "لەم قۆناخەدا هیچ بەڵگەیەک نییە کە بەرتیل بە دەنگدەران درابێت بە قەبارەیەک کە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەبووبێت."
ئامانجەکانی قۆناخی دوای نەتەنیاهوو
بە گەیشتنی کاهانا بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەگەر ئایزنکۆت پارێزگاری لە پشتیوانیی پارتە عەرەبییەکان بکات، دەرفەتی ئەوەی دەبێت تەنانەت پێش پێکهێنانی حکومەتیش گورزی گەورە لە ئەجێندای یاسادانانی نەتەنیاهوو بدات.
ئایزنکۆت رایگەیاندووە، دەیەوێت ئەو چاکسازییە دادوەرییانە هەڵبوەشێنێتەوە کە نەتەنیاهوو بۆ کەمکردنەوەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری تێیپەڕاندبوون؛ ئەو چاکسازییانەی لە کۆتایی ساڵی 2022 دەستیان پێکرد و بوونە هۆی گەورەترین خۆپێشاندان لە مێژووی ئیسرائیلدا بەهۆی ترسی هاووڵاتییان لە لاوازبوونی دیموکراسی و هەوڵی نەتەنیاهوو بۆ دەربازبوون لە تۆمەتەکانی گەندەڵی.
هەروەها ئایزنکۆت بەڵێنی داوە بە خێرایی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتیی سەربەخۆ پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو شکستە ئەمنییانەی بوونە هۆی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس، کە نەتەنیاهوو پێشتر رەتیدەکردەوە لیژنەیەکی سەربەخۆی بۆ دابمەزرێنێت.
مەتان کاهانا کە ئێستا ئەندامی پارتی یاشاری ئایزنکۆتە، لە ساڵانی 2021 و 2022 وەزیری کاروباری ئایینی بووە و بەهۆی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوەی حاخامەکان، رووبەڕووی جووە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکان بووەوە.
کاهانا جێگەی ئەمیر ئۆهانا، هاوپەیمانی نەتەنیاهوو دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2022ـەوە سەرۆکی پەرلەمان بوو؛ بەپێی یاساش سەرۆکی پەرلەمان لە کاتی ئامادەنەبوون یان نەتوانینی سەرۆککۆمار، ئەرکەکانی سەرۆکی دەوڵەت بەڕێوەدەبات.



