رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی فەرەنسا رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا پۆلیسی وڵاتەکە نزیکەی 15 هەزار کەسی لە خۆپێشاندانەکانی تایبەت بە گرانیی بژێوی و خۆپێشاندانی قوتابییانی ئامادەیی دەستگیر کردووە.
رۆژی سێشەممە 17-11-2026، جێراڵد دارمانان، وەزیری دادی فەرەنسا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، "لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 7 هەزار و 184 کەس لە خۆپێشاندانەکانی دژی هەڵاوسان و کەمیی مووچە دەستبەسەر کراون، کە بەشێکیان ئاژاوەی گەورەیان لێکەوتەوە؛ هەروەها 8 هەزار کەسی دیکەش لە خۆپێشاندانی قوتابییانی ئامادەیی دەستگیرکراون کە دژی دۆخی قوتابخانەکان ناڕەزایەتییان دەردەبڕی."
دارمانان ئاماژەی بەوەش کرد، لە دۆسیەی دەستگیرکراوەکانی خۆپێشاندانی گرانیی بژێویدا، 3 هەزار و 53 کەس تۆمەتیان ئاراستە کراوە و بۆ 466 کەسیش سزای زیندانیکردن دەرچووە؛ لەو ژمارەیە 195 کەسیان راستەوخۆ رەوانەی زیندان کراون و ئەوانی دیکەش سزاکانیان راگیراوە.
بە گوتەی وەزیری دادی فەرەنسا، "4 هەزار و 523 کەس لەو دەستگیرکراوانە پێگەیشتوو بوون و 2 هەزار و 661 کەسیشیان نەوجەوان بوون، کە تاوەکو ئێستا پێنج نەوجەوانیان لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە."
دارمانان روونیشی کردەوە، "خۆپێشاندانەکانی 17ـی تشرینی یەکەم کە تێیاندا ئاژاوەی تووند لە چەند شارێک سەریهەڵدا، نزیکەی دوو لەسەر سێی تەواوی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنەکانی پێکهێناوە."
سەبارەت بە نزیکەی 8 هەزار دەستگیرکراوەکەی خۆپێشاندانە جیاوازەکانی قوتابییان کە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستیان پێکردبوو، وەزیری دادی فەرەنسا گوتی، تەنیا سێ کەسیان لە زینداندا هێڵدراونەتەوە و هەموویان کەسانی پێگەیشتوون کە "تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر پۆلیس یان مامۆستایان."



