رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، پێشبینی دەکات لووتکە سێقۆڵییەکەی لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکا و چین، کە بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) بەڕێوەبچێت، "زۆر بەسوود" بێت.
رۆژی چوارشەممە 18-11-2026، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە شاری شێنجنی چین، تەنیا رۆژێک بەر لە یەکەمین کۆبوونەوەی مێژوویی نێوان خۆی، دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ گوتی: "پێشبینی دەکەم کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی نێوان سەرکردەکانی رووسیا، چین و ئەمریکا، کە بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەی ئەیپێک بکرێت، زۆر بەسوود بێت."
پووتین ئاماژەی بە دۆخی ئاڵۆزی جیهان کرد و گوتی: "لە جیهانێکی هاوچەرخی پڕ لە پشێویدا، لە نێوەندی پارچەپارچەبوونی ئابووریی جیهانی و لە کاتێکدا کە مەترسییە سەربازی و سیاسییەکان لە هەڵکشاندان، ئەوەی زۆر پێویستە یەکگرتووییە نەک دابەشبوون، یەکسانییە نەک هەژموونگەرایی، هاوبەشییە نەک گۆشەگیری، هەروەها گفتوگۆیە نەک مەرجسەپاندن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی رووسیا باسی لەو سزایانە کرد کە لە دوای هێرشەکەی ساڵی 2022ـی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراینا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێندراون و رایگەیاند، ئەو سزایانە "شکستیان هێناوە" و رووسیا "بە سەربەرزییەوە" تێیپەڕاندوون.
کۆبوونەوەی دووقۆڵیی پووتین و شی جینپینگ و ئەجێندای لووتکەکە
بڕیارە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، شی جینپینگ و ڤلادیمیر پووتین بەر لە لووتکە سێقۆڵییەکەی سبەی پێنجشەممە لەگەڵ ترەمپ، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی بکەن. بە گوتەی بەرپرسانی رووسیا، هەردوو سەرکردە سەرەتا گوتار لە کۆبوونەوەی (APEC) پێشکێش دەکەن و دواتر پرسی وزە و دارایی، ئینجا لە چوارچێوەیەکی تەسکتردا سیاسەتی دەرەوە لەوانەش پرسی ئۆکراینا و کۆریای باکوور تاوتوێ دەکەن.
لای خۆیەوە شی جینپینگ رۆژی چوارشەممە داوای هاوکاریی نێودەوڵەتیی زیاتری لە بواری ژیریی دەستکرد و بازرگانیی ئازاددا کرد و گوتی، چین چاکسازیی قووڵ دەکات و باجە گومرگییەکان کەمدەکاتەوە.
چین رایگەیاندووە، سەرکردەکان گفتوگۆی قووڵ لەسەر "پاراستنی ئاشتیی جیهانی و بەهێزکردنی سەقامگیریی ستراتیژی لە پەیوەندیی نێوان زلهێزەکان" دەکەن.
بە گوتەی واشنتن، جگە لە پرسی ئۆکراینا کە ترەمپ پێداگریی لەسەر تاوتوێکردنی دەکات، جەنگی ئێران و پرسی چەکداماڵینی ئەتۆمییش دەخرێنە بەرباس، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا پەیماننامە دووقۆڵییەکەی نێوان ئەمریکا و رووسیا تایبەت بە چەکی ئەتۆمی کۆتایی هات؛ هەرچەندە پەکین پێیوایە دەبێت سەرەتا واشنتن و مۆسکۆ کۆگە ئەتۆمییە زەبەلاحەکانیان کەمبکەنەوە بەر لەوەی چین بچێتە نێو گفتوگۆکانەوە.
جموجووڵەکانی ترەمپ لە ئاسیا و ئەگەری دیداری کیم جۆنگ ئوون
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فلیپینە و بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فێردیناند مارکۆس، سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەرەو شاری شێنجنی چین بەڕێبکەوێت.
رۆژی سێشەممە ترەمپ لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN)، لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی (Quad) کە پێکدێت لە ئوسترالیا، ژاپۆن و هیندستان کۆبووەوە؛ ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی ئەو هاوپەیمانییە ئەمنییە بوو کە بۆ هاوسەنگکردنەوەی هەژموونی چین دروستکراوە، لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات لە کانوونی دووەمی 2025.
ترەمپ رایگەیاندووە، چاوی لەوەیە لە شێنجن کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ پووتین و ئەگەریش هەیە لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور بکات و گوتی کیم "حەز دەکات" لە چین کۆببنەوە، هەرچەندە پەکین رایگەیاند هیچ زانیارییەکی لەسەر دیدارێکی لەو شێوەیە نییە و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رۆژی چوارشەممە لە مانیلا بەبێ پشتڕاستکردنەوەی کۆبوونەوەکە گوتی، گفتوگۆ تاکە رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کۆریای باکوور.
ململانێی بازرگانی، چیپە ئەلیکترۆنییەکان و ناڕەزایەتییەکان لە فلیپین
لە کاتێکدا پرسی باجە گومرگییەکانی ترەمپ سێبەری بەسەر کۆبوونەوەکانی ئاسیاوە کێشاوە، لی چیانگ، سەرۆکوەزیرانی چین رەخنەی لە "تاکڕەویی بازرگانی" گرت و هەریەک لە لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل و مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش باسیان لە پێویستیی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە بازاڕی ئەمریکا کرد.
لە بەرامبەردا ترەمپ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "ئەمریکا لە ماوەی 10 مانگدا لە بەرهەمهێنانی کانزا دەگمەنەکاندا بە چین دەگاتەوە." هاوکات واشنتن یاسای نوێی راگەیاند، مۆڵەتی تایبەت دەسەپێنێت بەسەر ناردنی چیپە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد بۆ سەنگاپوورە، مالیزیا، تایلەند و ئیندۆنیزیا، بەهۆی مەترسیی گواستنەوەیان بۆ چین.
سەردانەکەی ترەمپ بۆ فلیپین ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە و نزیکەی دوو هەزار خۆپێشاندەر بە دروشمی دژ بە ترەمپ و رەتکردنەوەی پڕۆژەی (Pax Silica) رژانە سەر شەقامەکان؛ ئەو پڕۆژەیەی ئەمریکا کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی باڵادەستیی چینە لە بواری کانزا دەگمەنەکان و نیمچەگەیەنەرەکاندا، بەڵام خۆپێشاندەران دەڵێن دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی خێزانە رەسەنەکانی فلیپین.



