رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لە نیویۆرک خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەگەری دەبەخشێتە رۆژنامەنووسانی شەش وڵاتی جیاواز، کە بەشێکیان بەهۆی زیندانیکردنیانەوە ناتوانن ئامادەی رێوڕەسمەکە بن. رێکخراوەکە دەڵێت ساڵی 2025 خوێناویترین ساڵ بووە بۆ رۆژنامەنووسان و تێیدا 129 رۆژنامەنووس و کارمەندی میدیا کوژراون.
شەوی پێنجشەممە، کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، خەڵات دەبەخشێتە ژمارەیەک رۆژنامەنووسی شەش وڵات کە لە پێناو گەیاندنی راستییەکاندا رووبەڕووی مەترسی، برینداربوون و زیندانیکردن بوونەتەوە.
یەکێک لە خەڵاتکراوەکان کریستینا ئاسییە، وێنەگری لوبنانیی ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)، کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە کاتی رووماڵکردندا لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل بەر هێرشێکی ئیسرائیل کەوت و قاچێکی لەدەستدا؛ لە هەمان هێرشدا عیسام عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووسی ئاژانسی رۆیتەرز کوژرا.
کریستینا ئاسی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە دادپەروەری دەکات و دەڵێت: لە رووی تەکنیکییەوە، وەک لوبنانی، رێگەی ئێمە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری یان هەر رێگەیەکی یاسایی زۆر ئاڵۆزە، چونکە لوبنان و ئیسرائیل ئەندام نین لە پەیماننامەی رۆما یان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC). هەروەها لەبەر ئەوەی هێشتا نازانین ئەو سەربازە کێ بوو یان زنجیرەی فەرماندەییەکە کێ بوون، ناتوانین سکاڵا لە دژی هەموو وڵاتەکە تۆمار بکەین.
ئاسی ئاماژە بەوەش دەکات کە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن تاوەکو لانیکەم ناسنامەی ئەو سەربازە بزانن و دواتر سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن. ئەو بە هیوایە شتێک دەربکەوێت و دەڵێت: پێویستە جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەکە بکەینەوە و پێویستمان بە پاڵپشتیی هەموو رۆژنامەنووسان هەیە». ئەمە لە کاتێکدایە لێکۆڵەرانی سەربەخۆ دەڵێن هێرشەکە بە ئەنقەست بووە، بەڵام ئیسرائیل سەرەڕای راگەیاندنی لێکۆڵینەوە، هێشتا ئەنجامەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
خەڵاتکراوێکی دیکە سابۆلچ پانی، رۆژنامەنووسی هەنگارییە کە لە راپۆرتەکانیدا کاریگەریی قووڵی رووسیای لەسەر وڵاتەکەی ئاشکرا کردووە. ئەو لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا باس لە لێکۆڵینەوەیەکی رانەگەیێندراوی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: بەپێی ئەوەی من دەیزانم، حکومەتە نوێیەکەی هەنگاریا لێکۆڵینەوەی هەیە دەربارەی دەستتێکەڵکردنی رژێمی ئۆربان لەگەڵ رووسیا و ئەو دەستدرێژییانەی دەزگا هەواڵگرییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان کردوویانە،
بەڵام ئەم لێکۆڵینەوانە هێشتا ناوخۆیی و نهێنیی ئاسایشی نیشتمانین و نەگەیشتوونەتە قۆناخی ئاشکرابوون».
لە ئەمریکای لاتینیش، (CPJ) کارلۆس دادا، رۆژنامەنووسی ئێل سەلڤادۆر خەڵات دەکات. هەرچەندە میدیاکان زۆرجار نایب بوکێلێ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەوە دەناسێنن کە ئارامیی گەڕاندووەتەوە، بەڵام دادا بۆ رووداو دەڵێت: ئێستا تەنیا وڵاتێکە بێ مافیا، بەڵام ئەوەی زۆر ناسەلامەتی کردووە ئەوەیە کە پۆلیسێک دەتوانێت بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرت بکات و چەندین ساڵ بتخاتە زیندانەوە، بەبێ ئەوەی مافی رێکاری یاسایی دروستت هەبێت.
رۆژنامەنووسێکی دیکەی خەڵاتکراو کۆلۆمبییە، کە لە ئەمریکا راپۆرتی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی کۆچبەریی ئەمریکا (ICE) دژی کۆچبەران ئامادە دەکرد و دواتر هەر لەلایەن هەمان پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
هاوکات بەشێک لە رۆژنامەنووسە خەڵاتکراوەکان ناتوانن ئامادەی رێوڕەسمەکەی نیویۆرک بن؛ یەکێکیان لە بەندیخانەیەکی میانمارە و ئەوی دیکەشیان گرووپێکی 16 رۆژنامەنووسی ئەریترین کە 25 ساڵە هەندێکیان دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە. بەپێی ئاماری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، ساڵی 2025 خوێناویترین ساڵ بووە بۆ رۆژنامەنووسان و تێیدا 129 رۆژنامەنووس و کارمەندی میدیا گیانیان لەدەستداوە.


