رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا، داتای کەسیی نزیکەی 1.2 ملیۆن دانیشتوو و فەرمانبەر لە 82 شارەوانیی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا دزراوە، کە بە گەورەترین هێرشی لەو شێوەیە دادەنرێت لەو هەرێمەدا تۆمارکرابێت.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی بەلجیکا لە زاری کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنیی (سیکیوتێک) و ناوەندی نێودەوڵەتیی (SOCRadar) بڵاویکردەوە، گرووپی هاککەرانی (گۆست هەنتەرز) توانیویانە بچنە نێو سێرڤەرێکی ناوەندیی تایبەت بە داتای ناوەندەکانی ریسایکلین لە فلاندەرز.
گێرت باودەوینس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سیکیوتێک هێرشەکەی بە "گەورەترین رووداوی هاککردن لە فلاندەرز کە تاوەکو ئێستا دۆزرابێتەوە" ناوبرد و گوتی، "قەبارەی ئەو داتایانەی دزراون سەرسوڕهێنەرە."
هەر پێنج پارێزگاکەی هەرێمی فلاندەرز بەر هێرشەکە کەوتوون و پارێزگای فلاندەرزی رۆژهەڵات زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. هاککەرەکە کە بە ناوی خوازراوی (بابیدی گۆست) کاردەکات، راستەوخۆ دەستی گەیشتووەتە داتای 65 شارەوانی و لە رێگەی کۆمەڵەیەکی هاوبەشیشەوە داتای 17 شارەوانیی دیکەی دزیوە.
زانیارییە دزراوەکان بریتین لە: ناو، ناونیشان، رێکەوتی لەدایکبوون، رەگەز، ژمارەی نیشتمانی، زانیاریی کارتی ناسنامە، ژمارەی هەژماری بانکی و لە هەندێک شارەوانیشدا ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل.
لێکۆڵەران ئاشکرایان کردووە کە ئەم گرووپە تەنیا شارەوانییەکانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە 50 دامەزراوە لە بەلجیکا، فەرەنسا و سویسرا، لەنێویاندا بانک، کۆمپانیاکانی بیمە و پلاتفۆرمەکانی دراوی دیجیتاڵی.
کۆمپانیای سیکیوتێک ئاماژەی بە بەوە کردووە، هاککەرەکە شارەزایی تەکنیکیی سنوورداری هەبووە، بەڵام مۆدێلی ژیریی دەستکردی چینیی (دیپ سیک)ـی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی بەکارهێناوە.
لە نێوان 6 بۆ 15ـی تشرینی دووەمدا، هاککەرەکە زیاتر لە 5 هەزار و 800 فەرمانی داوەتە مۆدێلە چینییەکە و لەو ژمارەیە تەنیا 41 فەرمانیان بلۆک کراون.



