رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەڵمانیا پلانێکی نوێی حکومەتی فیدراڵییان بۆ خێراکردنی گەڕاندنەوەی سووریاییەکان ئاشکرا کرد. بەگوێرەی ئەو پلانە، بەرلین 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ دروستکردنی 1500 یەکەی نیشتەجێبوون لە سووریا دابین دەکات و هاوکاریی دارایی بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی کۆچبەران لە هەزار یۆرۆوە بۆ 8 هەزار یۆرۆ بۆ هەر کەسێکی پێگەیشتوو بەرز دەکاتەوە.
رۆژنامەی "بیڵد" و میدیاکانی دیکەی ئەڵمانیا و سویسرا لە 26ـی تشرینی دووەمی 2026 رایانگەیاند، ئەو حکومەتەی لە یەکێتیی پارتە کریستیانەکان و سۆسیال دیموکراتەکان پێکدێت، ژمارەیەک رێکار و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی سوورییەکان لە ساڵی 2027 جێبەجێ دەکات، تاوەکو ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەرانی سووریایی هان بدات بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، لە 10 مانگی ساڵی 2026ـدا، 5 هەزار و 468 سووریایی بە خۆبەخشانە و بە هاوکاریی دارایی ئەڵمانیا گەڕاونەتەوە، هەروەها نزیکەی 3 هەزار کەسی دیکەش بێ هاوکاریی دارایی گەڕاونەتەوە.
ئامارە فەرمییەکانیش دەریدەخەن کە ژمارەی ئەو کۆچبەرە سووریاییانەی بە خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە، لە ساڵی 2024ـەوە لە زیادبووندایە و لەو ساڵەوە زیاتر لە 12 هەزار و 200 کەس گەڕاونەتەوە.
دابینکردنی بلیتی فڕۆکە و پێدانی پارە
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایان کردووە، بەرنامەی گەڕانەوەی فیدراڵی بەتایبەتی بۆ سووریاییەکان هەموار دەکرێتەوە، بە جۆرێک لەجیاتی هەزار یۆرۆ بۆ کەسانی سەروو 18 ساڵ، 8 هەزار یۆرۆ بۆ هەر کۆچبەرێکی سووریایی خەرج دەکرێت کە بڕیاری گەڕانەوەی خۆبەخشانە دەدات.
جگە لەوەش، بەرلین دەیەوێت پەیوەندی و ئاسانکارییەکانی نێوان ئەڵمانیا و سووریا باشتر بکات بۆ ئەوەی گەڕانەوەی خۆبەخشانە ئاسانتر بێت. بۆ ئەم مەبەستە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا زیاد کراون.
بەگوێرەی رۆژنامەی (ڤێڵت)، لە 11ـی کانوونی دووەمی 2027ـەوە کۆمپانیای (یۆرۆوینگس) هەفتەی جارێک لە شاری هامبۆرگەوە بەرەو دیمەشق گەشت دەکات. هەروەها لە مانگی کانوونی دووەمەوە گەشتی راستەوخۆ لە بەرلین، دوسڵدۆرف و شتوتگارتەوە پلانی بۆ دانراوە. بلیتی یەک ئاراستە بە نزیکەی 200 یۆرۆ دەبێت.
ئەڵمانیا 1500 خانوو بۆ 950 خێزان لە سووریا دروست دەکات
نیلس ئانێن، سکرتێری گەشەپێدان، بە رۆژنامەی (نۆیە زۆرخەر زایتونگ)ـی سویسری راگەیاند، لەبارەی هاندانی سووریاییەکان بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانە، دەیانەوێت "دیدگەیەکی لۆژیکی دروست بکەن بۆ ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە".
ئەو رۆژنامەیە ئاشکرای کردووە، بەرلین دەیەوێت 20 ملیۆن یۆرۆ لە بودجەی ساڵی 2027 بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون -کە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خانوو لەخۆدەگرێت- بۆ کۆچبەرانی سووریایی لە ناوخۆی سووریا دابین بکات. لە خەرجکردنی ئەو 20 ملیۆن یۆرۆیەدا سوود لە هاوکاریی بانکی گەشەپێدانی ئەڵمانیا (KfW) وەردەگیرێت.
بەرلین: هەر گەڕانەوەیەکی خۆبەخشانە هەرزانترە لە دیپۆرتکردنەوە
گونتەر کرینگز، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی (CDU/CSU)، پشتیوانی لە پلانەکانی بەرلین کرد و گوتی: "هەر گەڕانەوەیەکی خۆبەخشانە بۆ باجدەرانی ئەڵمانیا هەرزانترە لە دیپۆرتکردنەوە."
لە بەرامبەردا، کلارا بونگەر لە پارتی چەپ، ئەو پلانە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی سووریاییەکان بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیا. بە بڕوای ئەو، بەرلین "هاوکارییەکان بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی گوشار لەسەر سووریاییەکان."
هەروەها شاهینە گامبیر، گوتەبێژی کاروباری نێوخۆی پارتی سەوزەکان، بە هەمان رۆژنامەی گوت، "نابێت گەڕاندنەوەی سووریاییەکان ببێتە ئامانجی سەرەکیی هاوکاریی گەشەپێدان لە نێوان هەردوو وڵاتدا."


