رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 24 ساڵی پەناخوازی رۆژئاوای کوردستان، کە بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵێک و بریندارکردنی پێنج کەسی دیکە لە نەمسا دادگایی دەکرێت، لەبەردەم دادوەردا رایگەیاند، ئەگەر دەرفەتی هەبێت جارێکی دیکەش هەمان کار دەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 27-05-2026، یەکەم دادبینی ئەو گەنجە لە شاری (کلاگنفۆرت)ـی باشووری نەمسا بەڕێوەچوو. تۆمەتبارەکە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، دانی بەوەدا ناوە کە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو لە شارۆچکەی )فیلاخ(، بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵی کوشتووە و پێنج کەسی دیکەشی بریندار کردووە.
داواکاری گشتیی نەمسا رایگەیاند، ئەم گەنجە لە پلاتفۆرمی تیکتۆکەوە بیری تووندڕۆیی وەرگرتووە و بەیعەتی بە رێکخراوی داعش داوە.
میدیای نەمسا، بەبێ ئەوەی ناوی گەنجەکە ئاشکرا بکات بڵاوی کردەوە، کاتێک دادوەر لە رێگەی وەرگێڕەوە لە تۆمەتبارەکەی پرسیوە: "ئایا ئەگەر دەرفەتت هەبێت، دیسان ئەم تاوانە دەکەیتەوە؟"، تۆمەتبارەکە بە بەڵێ وەڵامی داوەتەوە.
دادبینییەکە لەژێر رێکاری ئەمنیی زۆر توونددا بەڕێوەچوو؛ ئەو گەنجە بە تۆمەتی کوشتن، هەوڵی کوشتن و تاوانەکانی پەیوەست بە تیرۆر دادگەیی دەکرێت و ئەگەر تاوانەکەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، رووبەڕووی سزای زیندانی هەتاهەتایی دەبێتەوە.
ئەمە دووەم هێرشی خوێناوی توندڕەوانەیە لە نەمسا، دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2020دا چەکدارێک لە ڤییەنا چوار کەسی کوشت و 22ـی دیکەشی بریندار کرد، دواتریش لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.
هاوکات لەگەڵ ئەم دادبینییەدا، دادبینی گەنجێکی تەمەن 21 ساڵ بە ناوی (بێران) بەردەوامە، کە تۆمەتبارە بە داڕشتنی پلان بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتێکی (تەیلۆر سویفت) لە ڤییەنا لە ساڵی 2024، کە لە دوای ساتەکاندا پلانەکەی پووچەڵکرایەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)