رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە لە واشنتن، پێشوازی لە ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە چڕانەی کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران لە ئارادان.
دیدارەکەی نێوان مارکۆ روبیۆ و ئیسحاق دار لە کاتێکدایە، پاکستان وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لەنێوان واشنتن و تاران کاردەکات. ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هیندستان دێت، کە رکابەرێکی مێژوویی پاکستانە.
هەرچەندە هەردوو بەرپرسەکە دوای کۆبوونەوەکە هیچ لێدوانێکیان بۆ رۆژنامەڤانان نەدا، بەڵام پێشتر جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا درەنگانی شەوی پێنجشەممە رایگەیاند کە پێشکەوتنی بەرچاو بەرەو رێککەوتن لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بەدیهاتووە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ـی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئەوەی هەیە دەقی کۆتایی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، داڕشتنی دەستەواژەکانی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە "لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە."
