رووداو- سلێمانی
هونەرمەندی گۆرانیبێژ پەیوەند جاف، لەدایكبووی شاری سلێمانییە. زیاتر لە 20 ساڵە سەرقاڵی گۆرانیگوتنە. ساڵانێكیش لە دەرەوەی وڵات ژیاوە. پەیوەند جگە لەو بەرهەمانەی بەشێوەی تراك بڵاویكردوونەتەوە، خاوەنی سێ ئەلبوومیشە بە ناوەكانی (بێدەنگی، باران، پەپوولە). ئێستاش سەرقاڵی تەواوکردنی ئەلبوومێكی دیكەیە.
لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو)، پەیوەند باسی ئەلبوومەكە و یادگارییەكانی لەگەڵ شاعیری كۆچكردوو شێركۆ بێكەس-ی خەزووری دەكات. ئاشكراشیدەكات لەگەڵ زیاد ئەسعەد بەنیازن گۆرانییەك بۆ شێركۆ بێكەس بڵێن.
رووداو: باسێكی ئەلبوومە نوێیەكەتمان بۆ بكە؟
پەیوەند جاف: نزیكەی حەوت ساڵە سەرقاڵی ئەو ئەلبوومەم، كە لە 10 تراك پێكدێت و یەكێكیان مقامە. بەرهەمی شاد و خاویشیان تێدایە. هەردوو
لەگەڵ زیاد ئەسعەد گۆرانییەك بۆ شێركۆ بێكەس دەڵێین 
رووداو: حەوت ساڵ بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبوومێك كاتێكی زۆر نییە؟
پەیوەند جاف: بێگومان زۆرە، بەڵام بیرم لەوە كردەوە كە پەلەی تێدانەكەم. خۆشم پێمخۆشە هەر بەرهەمێك تۆماردەكەم بمێنێتەوە. حەزم لە زۆری و بۆری نییە. بۆنموونە گۆرانییەكانی 25 ساڵ لەمەوبەرم تاوەكو ئێستاش هەر ماونەتەوە.
رووداو: بۆچی گۆرانییەكانی ئەم ئەلبوومەت تێكەڵەیەکن لە فۆلكۆر و نوێ؟
پەیوەند جاف: زۆر كەس پرسیاریان لێكردووم كە لەم ئەلبوومەمدا هەردوو شێوازەكەی تێدا دەبێت و داوایانکردووە وابێت. منیش حەزمنەكردووە دڵیان بشكێنم. پێمخۆشە گەنجان و بەتەمەنەكانیش گوێی لێبگرن.
رووداو: ئەلبوومەكە ناوی چییە؟
پەیوەند جاف: بۆ گوڵێك.
رووداو: دەگوترێت تەنیا ئامادەکردنی گۆرانیی (بۆ گوڵێک) زۆرتر لە ساڵێکی پێچووە. ئەمە راستە؟
پەیوەند جاف: بەڵێ نزیكەی شەش ساڵی پێچووە. تێكست و میلۆدیی هونەرمەند زیاد ئەسعەدە و كاری زۆری تێداكردووە. پێشتریش مامۆستای كۆچكردوو شێركۆ بێكەس گوێی لێگرتبوو.
رووداو: كەی بڵاویدەكەیتەوە؟
پەیوەند جاف: سێ لە گۆرانییەكان كلیپكراون. یەكێكیان لەلایەن كۆمپانیای بابیلۆن و دووشیان لەلایەن بڕیار فەتاحەوە. بەنیازم كلیپێكی دیكەش بكەم. زۆر حەزدەكەم ئەمساڵ بڵاویبكەمەوە، بەڵام دۆخی ناوچەكە و كوردستان زۆر خراپە. بۆیە ئەگەر دۆخەكە ئاسایی بووەوە، بڵاویدەكەمەوە.
رووداو: ئەلبوومەكەت چەندی تێچووە؟
پەیوەند جاف: نزیكەی 30 هەزار دۆلار. پارەكە زۆر نییە. چونكە ئەگەر بتەوێ بەرهەمێكی باش بڵاوبكەیتەوە، نابێ چاوت لە پارە بێت. من گۆرانی ناڵێم
ئەلبوومە نوێیەكەم 30 هەزار دۆلاری تێچووە 
رووداو: دەڵێن لەگەڵ هونەرمەند زیاد ئەسعەد گۆرانییەك بۆ شێركۆ بێكەس دەڵێن؟
پەیوەند جاف: راستە. زیاد ئەسعەد ئەو بەرهەمەی بۆ مامۆستا شێركۆ ئامادەكردبوو و بەنیازبوو خۆی بیڵێت، بەڵام داواملێكرد پێكەوە تۆماری بكەین. رەنگە هەر بە هاوبەشیش بیڵێین.
رووداو: دەگوترێت لەگەڵ میوزیسیان هەڵكەوت زاهیر بەنیازی ئەلبوومێكی دیكەن، راستە؟
پەیوەند جاف: پێشتر قسەمان لەسەر ئەوە كردووە کە ئەگەر بتوانین كار لەسەر كۆمەڵێك مەقامی دیكە بكەین و لە ئێران میوزیكەكەی ئامادەبكەین.
رووداو: بەڵام لە ئەلبوومەكەی پێشترتدا لەگەڵ میوزیسیەن هەڵكەوت زاهیر، رەخنەی زۆرت لێگیرا؟
پەیوەند جاف: دەستخۆشیم لێكرا و رەخنەشم لێگیرا، بەڵام میوزیسیەن هەڵكەوت زاهیریش گەیشتە ئەو باوەڕەی كە شێوازی میوزیكی تەڕەب بۆ دەنگی من نابێت و پێویستە كار لەسەر ئەو ستایلە بكات كە بۆ دەنگی من گونجاوە.
رووداو: بۆچی ئێستا كەمتر لە دەرەوەی کوردستان كۆنسێرت دەكەی؟
پەیوەند جاف: زیاتر لە بیست ساڵە لە دەرەوە كۆنسێرت دەكەم. ئیدی تاقەتم نەما. حەزدەكەم لەمەودوا لە كوردستان خزمەت بكەم
پیرەكانیش دەتوانن گوێ لە ئەلبوومە نوێیەكەم بگرن 
رووداو: لێرە بەشداری لە زۆر ئاهەنگدا لە ریستۆرانتەكان دەكەیت. هەندێككەس پێیان ئاساییە، بەڵام هەندێكیش ئەوە بە كاری گۆرانبێژە تازەكان دەزانن، بەلای تۆوە ئاساییە؟
پەیوەند جاف: من هەمیشە حەزم لەسەر ستەیج بووە. تەنانەت كاتێك گۆرانیم گوتووە نەمزانیوە ناوبانگ و پارە چییە، چونكە لەدڵەوە گۆرانی دەڵێم. بۆ بەشداریكردنیشمان لە ئاهەنگی رێستورانتەكان ئاساییە. چونكە پیشەكەمان هونەرە. لە دەرەوەش هونەرمەندانی وەكو موعین و داریوش بەشداری دەكەن.
رووداو: بۆچی كلیپت كەمە؟
پەیوەند جاف: هونەرمەند دەتوانێت بەبێ كلیپیش ببێتە باشترین هونەرمەند. هونەرمەند هەیە دەیان كلیپی هەیە و شوێنی بەپێی پێویست نەگرتووە.
رووداو: چەند منداڵت هەیە؟
پەیوەند جاف: دوو كوڕ، یەكێكیان ناوی ئاران-ە و تەمەنی 12 ساڵە، ئادان-یش تەمەنی چوار ساڵە. هەردووكیان مامۆستا شێركۆ بێكەس ناوی لێناون.
رووداو: كچی شاعیری كۆچكردوو مامۆستا شێركۆ بێكەس هاوژینتە، چۆن بوو هاوسەرگیریتان کرد؟
پەیوەند جاف: وەك خێزان پێشتر یەكدیمان دەناسی. پێشئەوەی ببمە زاوای، لە ئەڵمانیا مامۆستا شێركۆم ناسی. لە سویدیش بۆ یەكەمجار كچەكەیم بینی. زاوایەكی دیكەشی هاوڕێی منداڵیم بوو. لەڕێگەی ئەو هاوڕێیەمەوە چوومە داخوازیی.
رووداو: پەیوەندیی سۆزداریتان هەبوو؟
پەیوەند جاف: تەنیا ئەو ماوەیەی ویستمان هاوسەرگیری بكەین، پەیوەندیمان هەبوو.
رووداو: دوای چوار ساڵ لە كۆچی دوایی شێركۆ بێکەس، چ كاریگەرییەكی لەسەر جێهێشتوویت؟
پەیوەند جاف: هەمیشە لە دڵمدایە و لە هەموو چاوپێكەوتنێكدا هەستدەكەم لەگەڵمدایە. قسەكانی لەگوێمدان. كاتێكیش دەچمەوە سلێمانی، هەستدەكەم شتێكی گەورەم لێ ون بووە. هەر جارێك دەگەڕێمەوە كوردستان، دەچمە سەر گۆڕەكەی. جگە لەوەش بەردەوام هەوڵدەدەم هۆنراوەكانی بكەمە گۆرانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ