رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند پەیوەند جاف بەنیازی تۆمارکردنی بەرهەمێکی نوێیە بە شێوەزاری هەورامی و بڕیارە لەم هەفتەیەدا تۆماری بکات.
پەیوەند جاف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نوێترین بەرهەمی گوتنەوەی دوو گۆرانی هەورامییە کە لە یەک تراکدا تۆماریان دەکاتەوە و تێکست و ئاوازی فۆلکلۆرە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لەم بەرهەمە بەرهەمێکی دیکەی بەدەستەوەیە و لە داهاتوودا باسی دەکات.
دوایین بەرهەمی ئەو هونەرمەندە بەناوی 'کۆچی ئەبەدی' بوو کە لە تێکستی مازیار فایەقە و لەلایەن ئاریۆس کاری میوزیکی بۆ کراوە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە 30ـی ئایاری ئەمساڵ بڵاوکرایەوە.
بڕیارە فەتاح کە کاری دەرهێنانی بۆ زۆربەی هونەرمەندانی کورد کردووە و کاری دەرهێنانی بۆ ئەم بەرهەمە نوێیەی پەیوەند جاف کردووە و لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە.
پەیوەند جاف، لە 1971 لە هەڵەبجە لە دایکبووە، لە 1995ـەوە کاری ھونەری دەکات و خاوەنی چەندین ئەلبووم و ڤیدیۆکلیپە، زیاتر لە 25 ساڵە لە ھەندەران دەژی و ئێستا دانیشتووی سوێدە. بۆ گوڵێک یەکێک لە ئەلبوومەکانیەتی و لە 2018 بڵاوکرایەوە. 'بێدەنگی'، 'جێمەهێڵە'، 'دڵم تەنگە'، 'سکاڵا' و 'خەونێک' لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ